سارس لە هەرێم بوونی هەیە؟

ڕاگەیەندراوێكی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە هاوڵاتییانی خستە بارودۆخێكی شڵەژاوەوە، بەوەی ڕایگەیاند، “جگە لە کۆرۆنا نەخۆشی سارسیش لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە”.

پاش ماوەیەكی كورت لە بڵاوكردنەوەی ئەو ڕاگەیەندراوە، دەزگاكە ڕاگەیەندراوەكەی سڕییەوە و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان و بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی هەواڵی لەو چەشنەیان ڕەتكردەوە.

“تاقیگەیەكمان نییە ئەو ڤایرۆسە ئاشكرابكات”

لە بەدواداچوونێكی تۆڕی میدیایی ئێستادا بۆ بوونی ئەو ڤایرۆسە لە سلێمانی، دكتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “پێویستە هاوڵاتییان بزانن سارس چییە، بریتییە لە كۆمەڵێك نیشانە بەهۆی خانەوادەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆڤیدیی یەكەوە دەردەكەون، كە لە ساڵەكانی 2002 و 2003 سەری هەڵداوە، لەگەڵ ڤایرۆسی مێرس، ئەوەی پێی دەڵێن سارس واتا كۆڤیدی یەك، ئەم كۆرۆنایەی ئێستاش پێی دەڵێین، كۆڤیدی 2”.

سەبارەت بە بوونی حالەتی توشبوون بە سارس لە سلێمانی، جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، “لەڕاستیدا لێكدانەوەی هەڵە كراوە بۆ ئەم بابەتە و ئەوەی لە سلێمانی وتراوە بەشێوەی گومان باسكراوە، بە ڕاشكاوی بیڵێم تاقیگەكانی ئێمە توانای ئەوەیان نییە ئەو ڤایرۆسە بدۆزنەوە و جیایبكەنەوە”.

دكتۆر هێرش ئەوەشی خستەڕوو، “لەدوای نەمانی كۆڤیدی یەك كە بە سارس ناودەبرێت، تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی ئەو ڤایرۆسە لە جیهاندا سەری هەڵنەداوەتەوە، بۆ ئێمەش ئاسان نییە بڕیاربدەین كە ڤایرۆسێكی دیكە سەری هەڵداوە، لەوانەیە ئێچ وەن ئێن وەن دەركەوێت لەناو خەڵكدا، بەڵام بۆ سارس پێویستمان بە تاقیگەیەكی پێشكەوتوو هەیە بیدۆزێتەوە”.

ئەو بەرپرسەی تەندروستی لە سلێمانی بە جەختكردنەوەوە وتی، “ئەوەی لە سلێمانی بڵاوكراوەتەوە بەشێوەیەكی گومان بووە نەك دڵنیا بێت لەوەی ڤایرۆسەكە هەبێت، هیوادارین ئەم بابەت گەورە نەكرێت و ئاسان نییە ڤایرۆسێك ئاوا سەرهەڵدا”.

سەبارەت بە نیشتانەكانی ئەو ڤایرۆسەی باسكراوە لەسەر هاوڵاتییان، دكتۆر هێرش سەید سەلیم ئاشكرایكرد، “قورسە بتوانرێت بە نیشانەكانی، ڤایرۆسەكانی خانەوادەی كۆرۆنا لەیەك جیا بكرێنەوە”.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لیژنەی پێكهێناوە

پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بوونی حاڵەتێكی توشبوون بە ڤایرۆسی سارس، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، “بە پێویستی دەزانین بۆ هاوڵاتییانی ڕوونبکەینەوە تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی پەسەندکراو نییە بۆ بوونی ڤایرۆسی سارس لە هەرێم”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕاشیگەیاندووە، ”هاوڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە پێویست بە شڵەژان ناکات و تیمی پسپۆڕی وەزارەتمان لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی، بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە لەم گومانە دەکەن و تەنها وەزارەتی تەندروستی تاکە سەرچاوەی فەرمیی ڕاگەیاندن دەبێت، کە بە داخەوە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی دەبنە هۆکاری پشێویی هاوڵاتییان”.

ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی دووەم، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دكتۆر ئاسۆ حەوێز، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتی، “دوو لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵە دروستكراوە، بۆ ئەوەی بزانرێت سارس لە هەرێم و سلێمانی بوونی هەیە یان نا و هۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەو ڕاگەیەندراوە چی بووە”.

دكتۆر ئاسۆ حەوێز ئاماژەی بەوەشكرد، دەرئەنجامی بەدواداچوونی لیژنەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكەن.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چەند پرۆژەیاسایەك تاووتوێدەكات

بابەتی دواتر

میدیاکان: هۆڵەندا نزیکەی 150 سەرباز ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

توێژینەوەیەک: دوورکەوتنەوە لە بەرهەمە ئاژەڵییەکان دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی پیربوونی بایۆلۆژی

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردووە، پەیڕەوکردنی خۆراکی دوور لە بەرهەمە ئاژەڵییەکان دەبێتە…
Total
0
Share