دەرمانی پەستانی خوێن تەمەن درێژدەکاتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە دەرمانێکی بەربڵاو کە بۆ چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن بەکاردێت، ڕەنگە تەمەن درێژبکاتەوە و پیربوون خاو بکاتەوە بەبێ ئەوەی کاریگەریی لاوەکی هەبێت.

لە توێژینەوەکەدا کە لە ماڵپەڕی ” Aegean Cell ” بڵاوکراوەتەوە، دەرمانی Rilmenidine پیربوونی لە کرمەکاندا خاوکردووەتەوە، ئەمەش دەتوانێت هەمان کاریگەریی هەبێت لە مرۆڤدا.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دەرمانە هەڵبژێردراوە، چونکە لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا دەرکەوتووە کە کاریگەرییەکانی سنووردارکردنی کالۆری لە جەستەدا وەرئەگرێت، ئەمەش تەمەنی لە زۆرێک لە ئاژەڵەکاندا درێژکردووەتەوە.

لە زنجیرەیەک پشکنیندا کە تیمێکی توێژەرانی نێودەوڵەتی ئەنجامیاندا، ئەو کرمانەی بەو دەرمانە چارەسەرکراون تەمەنیان درێژتربووە و نیشانەکانی تەندروستیی باشیان تێدا دەرکەوتووە.

جواو پێدرۆ ماگالهایس، پسپۆڕی بایۆجیرۆنتۆلۆژیای گەردیلەیی، لە زانکۆی بیرمینگهام لە بەریتانیا دەڵێت، “دەرکەوتووە کە دەرمانەکە تەمەنی لە ئاژەڵەکاندا درێژکردووەتەوە، ئێستا ئێمە حەز دەکەین بزانین ئایا ڕێلمێنیدین ئەگەری هەیە بۆ مەبەستێکی پزیشکیی دیکەی پەیوەست بە تەمەن و پیربوونەوە بەکاربهێنرێت”.

توێژەران پشتیان بەو کرمانە بەستووە کە پێیان دەوترێت “C. elegans” چونکە جینەکانیان هاوشێوەی جینەکانی مرۆڤە.

پشکنینەکان دەریانخستووە کە چالاکیی جینەکانی پەیوەست بە سنووردارکردنی کالۆری دەتوانرێت لە شانەکانی گورچیلە و جگەردا ببینرێت، سوودە تەندروستییەکانی لەگەڵ دەرمانی بەرزی پەستانی خوێندا دەبینرێت.

ئەم پێکهاتە کیمیاییە تایبەتەی دەرمانەکە دەتوانرێت لە هەوڵەکانی داهاتوودا بۆ درێژکردنی تەمەن و خاوکردنەوەی پیربوون بەکاربهێنرێت.

گرنگیی دەرمانەکە لەوەدایە کە هەمان سوودەکانی پەیڕەوکردنی خۆراکی کەم کالۆری بەبێ کاریگەریی لاوەکی وەک تەنکبوونەوەی قژ و سەرگێژخواردن و پووکانەوەی ئێسکەکان دەبێت.

 

بە وتەی توێژەران ئەوەی وایکردووە کە دەرمانی ڕێلمێنیدین ببێتە کاندیدێکی ئومێدبەخش وەک دەرمانێکی دژە پیربوون ئەوەیە کە دەتوانرێت لە رێگەی دەمەوە بخورێت، کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، کاریگەرییە لاوەکییەکانی تاڕادەیەک دەگمەن و سووکن.

بابەتی پێشتر

لە وەڵامێکی هاوشێوەدا تورکیا داوا لە هاوڵاتییەکانی دەکات گەشت بۆ ئەوروپا و ئەمریکا نەکەن

بابەتی دواتر

وڵاتی خواوەندەكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share