بەشێك لە كافتریاكان، باجیان خستووەتە سەر ئەو خواردن و خواردنەوانەی پێشكەشی میوانەكانیانی دەكەن و ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر پسووڵەی میوانەكە، لەكاتێكدا گەشتوگوزاری سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە ڕێنماییەکانیان ڕێگە بە وەرگرتنی باج لە میوانەكان بدات لە چێشتخانە و کافتریاکان.
لە ماوەی ڕابردوودا بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی باجەکانی هەرێمی کوردستان، باجی سەر چێشتخانە و میوانخانەکانی هەرێمی کوردستان زیادکرا، لەگەڵ بڕیارەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەزربوونەوەی نرخ لە چێشتخانە و میوانخانەکان و کافتریاکاندا نابێت و بارگرانی بۆ خەڵک دروستناکات.
تۆڕی میدیایی ئێستا پسووڵەی یەکێک لە کافتریاکانی لەبەردەستدایە کە لەسەر ژمێرەی تێچووی میوانەکانی ڕێژەی 10%ی باجەکەی داناوە و لە میوان وەردەگیرێت.
لەوبارەیەوە داسیار محەمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکانی هەرێم بۆ زیادکردنی باج لەسەر چێشتخانە و میوانخانەکان بەوجۆرەیە کە میوان نابێت بارگرانی بۆ دروستبکرێت و باج لەسەر ئەوان هەژمار بکرێت”.
بەڵام بەرپرسەكەی گەشتوگوزار نەیشاردەوە، كە لەو چێشتخانە و میوانخانە و شوێنانەی بەپێی پێوەرە فەرمییە دیاریکراوەکان چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەن، ڕێژەی 10%ی باج لەسەر میوان هەژماردەکرێت، هەر شوێنێکیش بەدەر لەو ڕێنماییە باج بخاتەسەر میوانەکانی، سزا دەدرێت.
جەختیشیکردەوە، ئەوان لەڕێگەی لیژنەکانیانەوە بە بەردەوامی لە سلێمانی بەدواداچوون بۆ ئەو حاڵەتانە دەکەن و چاوپۆشی لە دانانی باج لەدەرەوەی ڕێنماییەکانی حکومەت ناکەن.