میدیای پەكەكە پیلان و سیناریۆ مەترسیدارەكانی توركیا و پارتی ئاشكرادەكات

میدیای پەكەكە ئاشكرایكرد، پارتی و توركیا سیناریۆی هاوبەش و مەترسیداریان ‏داڕشتووە بۆ ڕەوایەتیدان بە هەڵگیرساندنی شەڕ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان ‏‏”پەكەكە”.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز و چەند میدیایەكی دیكەی سەر بە پەكەكە بڵاویانكردووەتەوە، ‏دوای ئاشكرابوونی سیناریۆی هاوبەشی توركیا و پارتی بۆ ئەوەی “پەكەكە” بە تێكدانی ‏ئاسایشی هەرێم تۆمەتباربكەن، هەر زوو پیلان و سیناریۆكەیان هەڵوەشایەوە، ئێستا بە ‏سیناریۆی جیاوازتر دەیانەوێت بڕوا بە ڕایگشتی بهێنن و ڕەوایەتی بە شەڕ دژی پەكەكە ‏بدەن.‏

بەپێی پیلانەكە ئامادەكاری كرابوو كە سەربازانی توركیا بتوانن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بچنە ناوچەكە و دواتر تەقینەوەیەك ئەنجامبدرێت و سێ ئەفسەری باڵای پێشمەرگە بكوژرێن، یەكێك لەو كەسانەش ئەفسەرێكی پاراستنە، كە لەسەر مێزی پەكەكە كاردەكات و لە دەزگای پاراستن، ئەفسەری دووەمیش لە هێزەكانی زێرەڤانییە.

بەپێی سەرچاوەیەك كە بە میدیای فەرمیی پەكەكەی ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی توركیا و ‏پارتی سیناریۆكان جێبەجێبكەن، چوار تیمی تایبەت پێكهێندراون، كە تیمێكیان 15 كەس ‏بوون لە هێزەكانی زێرەڤانی و چەكدارانی ڕۆژ بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو پیلانە ‏ئاژاوەگێڕییانە كە بارەگاكەیان لە بنەسڵاوە بووە، هەروەها تیمێكی دیكە لە ڕێگای ئامێری ‏‏(جی پی ئێس) جێگیركراون، تیمێكی دیكەش لەگەڵ هەواڵگریی توركیا پێكهێندرابوون، ‏تیمی چوارەمیش لە خەڵكی مەدەنی پێكهێندراون بەناوی “لاوانی ئاسایش”ــەوە.‏

بەوتەی میدیاكانی پەكەكە، ئەنجامدانی هێرشەكان لەلایەن ئەفسەرێك بەناوی “لۆركان ‏موستاح”ــەوە سەرپەرشتیكراوە كە خەڵكی شاری موسڵ بوو، بەپێی ئەو نەخشەیەی ‏دارێژراوە، پیلانی دووەمی پارتی و توركیا داخستنی ڕێگای سەرەكیی كانی ماسی بووە، ‏ئەوەش بۆ ڕێگریكردن لە جموجوڵی هەپەگە و كۆنترۆڵكردنی ڕێگای كانی ماسی، چیای ‏مەتینا بووە.

میدیاكە بڵاویكردووەتەوە، شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، كە لەلایەن ‏پارتییەوە بەڕێوەدەبرێت، هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی چەك و تەقەمەنی و كڵاوی ‏خۆپاراستن لە گازی كیمیایی بڵاوكردووەتەوە، “گوایە كەسێك ویستوویەتی بیگەیەنێتە ‏دەست پەكەكە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدەن”.‏

پێشتر چەند پیلانێك دانرابوون وەك ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە لەوانە:-

یەكەم: كوشتنی هەندێك پێشمەرگەی پارتی

دووەم: تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم – توركیا

سێیەم: تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەكی مەدەنی لە نزیك ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە و بەوەش دەیانەوێت ڕایگشتیی بەلاڕێدا ببەن و ڕەوایەتی بە هێرشكردنە سەر پەكەكە بدەن.

توركیا خۆی بۆ ئەو هێرشە ئامادەكردووە و بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئامادەكارییەكانیان بەم شێوەیە بووە:-

یەكەم: گۆڕەپانی شەڕ و دەوروبەری بۆردومان بكرێت.

دووەم: هەندێك جۆری تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازی بدرێنە هێزەكانی پارتی

سێیەم: پشتگیریی هێزی زەمینی بكرێت.

چوارەم: بۆ دانانی هەماهەنگی لەنێوان هێزی زەمینی و ئاسمانی، ژوورێكی ئۆپەراسیۆن لە هێزەكانی پارتی و توركیا پێكبهێندرێت بۆئەوەی لەنزیكەوە چاودێریی شەڕەكە بكەن.

بابەتی پێشتر

عێراق و ئێران لەبارەی غازەوە ڕێككەوتن

بابەتی دواتر

لە هەولێر لافاو دروستبووەوە و زیانی بە چەند ماڵ و ئۆتۆمبێلێك گەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share