بافڵ جەلال تاڵەبانی داوا لە بەرپرسی نوێیەكانی حزبەكەی دەكات گلەیی و ناڕەزاییەكانی خەڵك بكەنە بنەمای بەخۆداچوونەوە و خزمەتكردن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان كۆبوونەوەی جیاوازی لەگەڵ هەریەك لە میقداد شێخ بەھادین، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی گەرمیان و ئاسۆس عەلی، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی شارەزوور ئەنجامدا و پیرۆزبایی ئاراستەكردن کە وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەندەکانی گەرمیان و شارەزوور دەستبەکاربوون.
لە بەرامبەر خستنەڕووی ڕاپۆرتێک کە خۆی لە پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانە حزبییەکان و خزمەتکردنی خەڵکی ئەو دوو سنوورە دەبینییەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، “گەرمیان و شارەزوور دوو ناوچەی گرنگ و پڕبایەخن، مێژووی قوربانیدان و سەروەرییەکانیان لە شۆڕشی نوێ بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانمان کە ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی تێکۆشەری شارەزوور و گەرمیان. چونکە لای ئێمە ئەم سنوورانە بزوێنەری شۆڕش و قەڵای پشتیوانیی یەكێتین”.
سەبارەت بە ئەرکی نوێی ڕێکخراوەیی و بەرپرسیارێتی مەڵبەند و دامەزراوەکانی یەکێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئۆرگانەکانی یەکێتی گوزارشت لە سیاسەتی یەکێتی لە ناوچەکانی خۆیاندا دەکەن، بۆیە ئەرکی مەكتەب، مەڵبەند و كۆمیتەكانە دەرگایان بەڕووی هاووڵاتییاندا كراوەبێت و خزمەتكاری خەڵك بن. نابێت هیچ بەربەستێكیش لەنێوان لێپرسراوانی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكدا هەبێت، چونكە یەكێتی لەناخی ئەوانەوە هەڵقوڵاوە و دەبێت بەدەم داخوازییەكانیانەوە بچین و خزمەتیان بكەین.
لەو ڕووەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەردوو لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان و شارەزووری ڕاسپارد یەکێتییانە لە خزمەتی ناوچەکەیاندا بن و ئەگەر لە ڕابردوودا گلەیی یاخود هەر ناڕەزاییەك بەرامبەر یەكێتی هەبووبێت، ئەوا پێویستە گلەیی و ناڕەزاییەكان بكەنە بنەمای بەخۆداچوونەوە و خزمەتكردن. بۆ ئەمەش هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكی بۆ دەربڕین.