لە سنووری ئیدارەی زاخۆ ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دامەزرێنران، ئەوە ناڕەزایی کارمەندانی خۆبەخشی لە پارێزگاکانی سلێمانی و بەشێکی دهۆکیشی لێکەوتەوە، بڕیارەکە لەسەر ویستی پارتی بووە و کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی لە زاخۆ دەڵێن، “زۆرینەی ئەوانەی دامەزرێنراون کادیری پارتین”.
بەشێک لە کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستیی زاخۆ گردبوونەوەیان ئەنجامدا بۆ ناڕەزایی بەرامبەر دامەزراندنی ئەو 100 کارمەندە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، نازانن لەسەر چ بنەمایەک ناوەکان بۆ دامەزراندن گەڕێنراونەتەوە، لەکاتێکدا تێیاندایە هیچ دەوام و خۆبەخشییەکیان نەکردووە.
ئەو کارمەندە خۆبەخشانەی زاخۆ باس لەوە دەکەن، دەستکاریکردن لە ناوەکان و “واستە” هەبووە لە دامەزراندنی ئەو ژمارە کارمەندەدا، “بەشێکی زۆریان کادری حزبی دەسەڵات، پارتی دیموکراتی کوردستانن، هەرکەسێک لەگەڵ ئەواندا نەبووبێت ناوی نەهاتووەتەوە و دانەمەزراوە” یەکێک لە کارمەندە خۆبەخشەکان بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وای وت.
هەر ئەمڕۆ بۆ پیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر هەمان بڕیار کارمەندانی خۆبەخش لە تەندروستیی سلێمانی و گەرمیان گردبوونەوەیان ئەنجامدا و بڕیاری بایکۆتکردنی دەوامیان لە ناوەندە تەندروستییەکان دا.