فەرەنسا جێنشینی کۆشکی ئیلیزێ هەڵدەبژێرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە دەنگدەرانی فەرەنسا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیاندا بڕیاردەدەن کە ئیمانوێل ماکرۆن  لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە یان کاندیدی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان جێگەی دەگرێتەوە، ئەوەش لەلایەن چاودێرانی هەڵبژاردنەکەوە بە بومەلەزە بۆ پرۆسەکە ناودەبرێت.

لە ڕاپرسی و بەدواداچوونەکانی چەند ڕۆژی کەمی ڕابردوودا ئیمانوێل ماکرۆن لە پێشەوەی مارین لوپێن بووە، لەگەڵ ئەوەشدا دوورنییە لوپێن سەرکەوتنێکی لەناکاو بەدەستبهێنێت.

لە ئەگەری سەرکەوتنی مارین لوپێن ئەگەری ناڕەزای و دروستبوونی ناکۆکیی سیاسی لەو وڵاتە هەیە، بەتەواوی هاوشێوەی دەنگدانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا و هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2016.

لەلایەکی دیکەوە ئیمانوێل ماکرۆنی تەمەن 44 ساڵ کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا دەرکەوتنی ئەم گەڕەی بەدەستهێنا، هۆشداریدەدات لە دروستبوونی “شەڕی ئەهلی” ئەگەر بێتوو لوپێن هەڵبژاردن بباتەوە و باڵاپۆشی لە سەرجەم شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکە قەدەغەبکات.

بەڵام مارین لوپێنی تەمەن 53 ساڵ تیشکی خستووەتە سەر بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان لە حەوتەم گەورەترین وڵاتی خاوەن ئابووریی بەهێزدا، کە بەشێکی زۆری فەرەنسییەکان گلەییان لە بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوییان هەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە.

هەروەها تیشکی خستووەتەسەر شێوازی حوکمرانیی سەرۆکی ئێستای فەرەنسا بەوەی چینی ئاسایی خەڵکی پشتگوێخستووە.

لەگەڵ ئەو ڕەخنە زۆرانەی لێیدەگیرێت بەوەی سیاسەتێکی توند و ڕەگەزپەرستانەی هەیە، لوپێن بەرگری لەخۆی دەکات بەوەی پلانی ئەو گرنگیدانە بە پلەی یەکەم بە هاوڵاتییانی فەرەنسی لەڕووی نیشتەجێبوون، لایەنی کۆمەڵایەتی، پیشە و کەمکردنەوەی بەشێک لەو چاودێریی کۆمەڵایەتییەی دەدرێت بە خەڵکانی بیانی.

بەڵام ئەگەر ماکرۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ڕووبەڕووی ویلایەتێکی سەختی سەرۆکایەتیی دەبێتەوە، بەهۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان بۆ چاککردنی دۆخی کرێکاران و دژی بڕیاری بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵییەوە بۆ 65 ساڵ.

لەبەرامبەردا لوپێن دەبێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتا بکات، لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی خۆپیشاندانی بەرفراوان و خێرا کە وڵاتانی دەرەوە و ئەوروپا تووشی سەرسوڕمان بکات.

دەنگدان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لە فەرەنسا بەیانیی ئەمڕۆ دەستیپێکرد، چاوەڕێدەکرێت لەگەڵ داخستنی سندوقەکانی دەنگدان ئەنجامە سەرەتاییەکان بۆ سەرۆکی نوێی فەرەنسا ئاشکرابکرێت.

بابەتی پێشتر

فەرماندەیەكی ئەمنی: هۆزەكان لەسەر لایكی فەیسبوك شەڕدەكەن

بابەتی دواتر

دژی جیاوازی لە دامەزراندن خۆبەخشانی تەندروستیی سلێمانی گردبوونەوە و بایکۆتیان ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share