ڕۆژی 23ی نیسانی هەموو ساڵێک، لە سەرتاپای جیهاندا بە ڕۆژی جیهانیی کتێب دانراوە و تێیدا یادی کتێب دەکرێتەوە، وەک ئەو بەرهەمەی مرۆڤایەتی، کە ئێستا و ڕابردووی پێکەوە بەستووەتەوە و بەهێزترین پردیشە لە نێوان کەلتوور و کۆمەڵگا جیاجیاکاندا.
ئەم ڕۆژە بەر ڕێکەوتی مردنی چەندین نووسەری گەورەی مێژووی ئەدەبیش دەکەوێت، وەک ویلیەم شێکسپیر و میگوێل دی سێرڤانتس، ئەمەش ڕەونەق و بەهایەکی زیاتر بەم یادە دەدات.
ڕێکخراوی یونسکۆ ئەم ڕۆژەی تایبەتکردووە بە بەرزڕاگرتنی پێگەی نووسەران و کتێبەکانیان، هەروەها هاندانی خەڵک و بەتایبەت گەنجان بۆ خوێندنەوە، تاکو سوودمەند ببن لەو بیرۆکە و داهێنانانەی نووسەران بە مرۆڤایەتییان بەخشیون.
پەنجەرەیەک بۆ فرەیی و هەمەڕەنگی
پاش تێپەڕینی 16 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی ئەم ڕۆژەدا لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە، لەمڕۆدا ملیۆنان خەڵکی زیاتر لە سەد وڵات یادیدەکەنەوە و لە چێوەی دامەزراوە و ڕێکخراو و کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ئاهەنگ و بۆنەی بۆ ڕێکدەخەن.
ئەم ڕۆژە، هەلی ڕەخساندووە کۆمەڵان و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان ڕێزلێنان بۆ کتێب بکەن، وەک گرنگترین سامانی ڕۆشنبیریی بەجێماو لە پێشینانەوە و پێگەی نووسەرانیش بەرزڕابگرن، کە بەرهەمهێنەری ئەم سامانەن.
ئەم ڕێزلێنان و بەرزڕاگرتنەش تایبەت نییە بە کتێب و نووسەرانی یەک وڵات و سەرجەم مرۆڤایەتی دەگرێتەوە، بۆیە وەک پەنجەرەیەک وەهایە بەڕووی فرەیی و هەمەڕەنگیی کەلتوور و داهێنانەکاندا.
شارەکانی داهێنان و ئەدەب
بۆ ساڵی 2022، یونسکۆ شاری گوادالاخارا-ی مەکسیکی وەک پایتەختی جیهانیی کتێب هەڵبژاردووە. ئەم شارە لە ساڵی 2017وە وەک شاری داهێنان لەلایەن یونسکۆوە هەڵبژێردراوە، بەمەش چووەتە ڕیزی چەندین شاری دیکەوە کە ڕێکخراوەکە ئەم نازناوەی پێبەخشیون و خستوونیەتیە ئەو تۆڕەوە، تاکو داهێنەران و داهێنانەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا لە پەیوەندییدا بمێننەوە.
لەناو ئەو کۆمەڵە شارەدا کە یونسکۆ وەک شاری داهێنان هەڵیبژاردوون، شاری سلێمانی هەیە و لە ساڵی 2019وە ئەم نازناوەی پێدراوە. بۆیە لەمڕۆدا، هەر لە خانی و نالییەوە تا ئەدیبەکانی ئەمڕۆمان، بەتایبەتی ئەوانەی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە جیهانییەکان و ئەدەبی کوردییان بە دونیا ناساندووە، بەشدارن لەم بۆنەیەدا و لە ڕیزی ئەو دەق و کەسایەتیانەدان کە ڕۆژەکە لەپێناویاندایە.
بە بۆ بۆنەی ئەم ڕۆژەوە، لە خوارەوە چەند زانیارییەکی سەرنجڕاکێش لەبارەی چەند کتێبێکی گرنگەوە باسکراون.
گلگامش.. یەکەم کتێب لە مێژوودا نووسرابێت
مێژووناسان کۆکن، یەکەمین دەقی ئەدەبی لە مێژوودا نووسرابێت، داستانی ” گلگامش”ە.
داستانەکە بەسەرهاتی شاری شووراداری ئوروک و گلگامش-ی فەرمانڕەوای دەگێڕێتەوە، کە دەبێتە هاوڕێی گیانیبەگیانیی “ئەنکیدۆ”. داستانەکە بەسەرهاتێکە لەبارەی هاوڕێیەتی و گەڕانەوە بەشوێن نەمرییدا.
لە ساڵی 1853دا ئەو لەوحانە دۆزرانەوە کە ئەم داستانەیان لەسەر تۆمارکراوە و شوێنەوارناسان پێیانوایە 2000 ساڵ بەر لە زایین تۆمارکرابێت، واتە 1500 ساڵ کۆنتر لە ئیلیادە و ئۆدیسەی هۆمیرۆس.
سەرکێشییەکانی پینۆکیۆ.. کتێبێک کە زۆرترین جار وەرگێڕدراوە
کتێبی “سەرکێشییەکانی پینۆکیۆ” کە پاڵەوانەکەی کەسایەتییەکی خەیاڵییە بە هەمان ناوەوە، ساڵی 1883 لەلایەن کارلۆ کۆلۆدییەوە نووسراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر 260 زمان.
کۆدێکس لێسیستەر.. گرانترین کتێب لە جیهاندا
بەرهەمی لیۆناردۆ داڤێنشییە و بریتییە لە دەستنووسێکی زانستیی گەورە، تێیدا پێشبینیی دروستکردنی ژێرئاوگەڕ(غەواسە) و بزوێنەری هەڵمی کراوە.
ساڵی 1994 بیل گەیتس ئەم دەستنووسەی بە 30.8 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کڕیوەتەوە.
گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو.. دوورودرێژترین کتێب
ڕۆمانێکی مارسێل پرۆست نووسەری بەناوبانگی فەرەنسییە و لە 13 بەرگ پێکهاتووە، هەموو ڕۆمانەکە بەسەر یەکەوە 1267069 وشەیە.
دۆن کیشۆت.. پڕفرۆشترین کتێب لە مێژوودا
ڕۆمانی “دۆن کیشۆت”ی میگوێل دی سێرڤانتس نووسەری ئیسپانی، زیاتر لە 500 ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە، لەوساوە کە لە ساڵی 1605دا بڵاوکراوەتەوە.
لە پلەی دووەمی پڕفرۆشییدا، ڕۆمانی “بەسەرهاتی دوو شار”ی چارلز دیکنز دێت، کە 200 ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە.