تەكنیكی لەخۆگرتنی كاربۆن چییە و دەتوانێت زەوی ڕزگاربكات؟

بەدواداچوونێك بۆ دۆخی ژینگە و شێوازێكی چارەسەركردن خراوەتەڕوو بۆ ئەو پیسبوونەی هەوا و قەتیسبوونی گەرمییەی بەرگەهوای گرتووەتەوە و بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما.

ئەنجامی بەدواداچوونەكە دەڵێت، ئەگەر جیهان دەیەوێت ڕووبەڕووی كاریگەریی خراپتری گۆڕانی ئاووهەوا نەبێتەوە، ئەوا دەبێت تا ساڵی 2050 گازی كاربۆن لە بەرگەهەوادا بۆ نزیكەی سفر كەمبكاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی لەخۆگرتنی كاربۆن و عەمباركردنییەوە.

لەخۆگرتن یان عەمباركردنی كاربۆن چییە؟

هۆكاری سەرەكیی قەتیسبوونی گەرمیی هەسارەی زەوی، دەردانی بڕێكی زۆری گازەكانی یەكەم و دووەم ئۆكسیدی كاربۆنە، كە ڕێگردەبن لە بڵاوبوونەوەی گەرمی بە بۆشاییدا و بەوەش بەرگەهەوای زەوی بە گەرمی دەمێنێتەوە و ساڵ دوای ساڵ پلەكانی گەرما بەرزتردەبنەوە، كە بەپێی پسپۆڕانی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوەڕواندەكرێت تێكڕای گەرمیی زەوی دوو پلەی تر بەرزببێتەوە. بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخەش، پسپۆڕان پێشنیازی گرتنەبەری دوو ڕێگە دەكەن، یەكێكیان سروشتییە كە چاندنی ژمارەیەكی زۆری دارە لە هەموو ناوچەكانی جیهاندا، دووەمیش پیشەسازییانەیە، ئەویش لە ڕێگەی بەكارهێنانی تەكنیك بۆ عەمباركردنی كاربۆن.

سامانسا ماكولوچ سەرۆكی یەكەی گرتنەوەی كاربۆن و عەمباركردنی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت، “چەندین بژاردە هەن، باوترینیان گرتنەوەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنە لەو سەرچاوانەی وزەی پیشەسازی كە بە سووتەمەنیی بە بەردبوو (خەڵووز، نەوت و گازی سروشتی) كاردەكەن، دواتریش گواستنەوەی ئەو گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنەی كۆكراوەتەوە لەڕێگەی بۆرییەوە.

پلانەكە چۆن جێبەجێدەكرێت؟

بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، پرۆسەكە لە ڕێگەی تێكەڵكردنی گیراوەیەك لەگەڵ گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆندا دەكرێت، گیراوەكە پێكهاتەی توێنەرەوە لەخۆدەگرێت و گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كۆدەكاتەوە و گازەكانی تر بەردەدات تا لە بەرگەهەوادا بڵاوببنەوە. زانایان گەرمیی بەكاردەهێنن بۆ جیاكردنەوەی ماددە توێنەرەوەكە لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، دواتر دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی پاك لە قووڵایی زەوی و لە ئەشكەوتی بەردیندا عەمباردەكرێت، ماددە توێنەرەوەكەش بۆ دووبارەكردنەوەی پرۆسەكە بەكاردەهێنرێتەوە.

سامانسا ماكولوچ ئاشكرایكردووە، “ڕێگەیەكی تریش بۆ كەمكردنەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، لابردن و نەهێشتنێتی بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە هەوادا” و دەڵێت، “لە هەردوو دۆخەكەدا، گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە قووڵایی زەویدا كۆدەكرێتەوە بۆ ئەوەی لەو خوولەی كاربۆن كە هۆكارە بۆ گەرمكردنی هەسارەی زەوی دووربخرێتەوە.

گرفتی ئەم ڕێگەچارەیە چییە؟

بەدواداچوونەكەی بی بی سی ئاماژە بۆ لایەنێكی نەرێنیی ئەم شێوازەی چارەسەركردنی قەتیسبوونی گەرمی دەكات و ئاشكرایدەكات، كۆكردنەوە و عەمباركردنی كاربۆن، پشتبەستن بە وزەی پاك و نوێبووەوە دوادەخات و وادەكات بەكارهێنانی خەڵووز و نەوت زیاتر درێژەبكێشێت.

ئەوان دەڵێن، باشترین ڕێگە بۆ ڕاگرتنی دەردانی گازەكان بۆ نێو بەرگەهەوا، وەستاندنی بەكارهێنانی نەوت و خەڵووز و گازی سروشتییە، ئەو پارانەشی بۆ كۆكردنەوەی كاربۆن و عەمباركردنی لە قووڵایی زەویدا بەكاردەهێنرێن، دەكرێت تەرخانبكرێن بۆ خێراكردنی پرۆسەی بەكارهێنانی وزەی پاك و بەوەش بەكارهێنانی نەوت و خەڵووز كەمدەبێتەوە و زەوی بە ڕێژەیەكی بەرز لە دەردان و كۆبوونەوەی كاربۆن و قەتیسبوونی زیاتری گەرما ڕزگاریدەبێت.

بابەتی پێشتر

داود ئۆغلۆ: داهاتی نەتەوەیی لە توركیا بەشێوەیەكی مەترسیدار دابەزیووە

بابەتی دواتر

ڕۆژی جیهانیی کتێب.. یادێک بۆ ڕێزلێنان لە داهێنان و سامانی کەلتووری

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share