لەنێو جۆرە جیاوازەكانی ناڕەزایەتی، هێلكەبارانكردن دیارترینی ئەو ناڕەزایەتییانەیە كە ژمارەیەك لە سیاسی و كەسە ناسراوەكانی جیهانی گرتووەتەوە، ئەگەرچی ناڕەزایەتییەكە نیشانەیە بۆ ئازادی و دیموكراسییەت، بەڵام هەندێكجار ڕووداوی هەندێكیان دەرخەری تەواو پێچەوانەكەیەتی.
”هێلكەبارانكردن” بریتییە لە هەڵدانی هێلكە بۆ كەس، ئۆتۆمبێل یان ماڵ و شوێنی مانەوەی ئەو كەسەی خەڵك لێی ناڕازییە. جۆرێكە لە جۆرەكانی ناڕەزایەتی كە لە هەندێك ناوچەی جیهاندا سزای لەسەرە و لە هەندێكی دیكە لە چێوەی ناڕەزایەتییە دیموكراسییەكاندا جێی كراوەتەوە.
ناڕەزایەتییەكە لە چەندین ناوچەی جیهان چەندبارەبووەتەوە و زۆرترینی ئەو كەسانەش كە تووشی هاتوون، سیاسی و سەركردە باڵاكانن، ئەنجامدەرانیش گروپ و ڕێكخراوەكان و كەسانی زەرەرمەندی دەستی ئەو سیاسییانەن.
ڕۆژی چوارشەممە 20ی نیسان، لەمیانەی سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا و دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لەو وڵاتە، ڕەوەندی كورد گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا و ئۆتۆمبێلەكانیان هێلكەباران كرد.
بەشێک لە خۆپیشاندەران دژی فرۆشتنی نەوت و غاز بە وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە ناڕەزایەتییان دەربڕی، لەبەشێکی دیکەی دروشمەکانیاندا خۆپیشاندەران لەبارەی دۆسیەی زیندانیکراوانی بادینان و ئازادیی ڕادەربڕینەوە دروشمیان دەوتەوە.
نزیكەی 12 ساڵ پێشتر و لە 27ی نیسانی 2010 هەر پەیوەست بە غازی سروشتی ”ڤۆلۆدیمێر لیتفین” سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئۆكرانیا لەلایەن ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانەوە هێلكەبارانكرا، بەهۆی ناكۆكییەكان دەربارەی ڕێككەوتنی غازی سروشتی لەگەڵ ڕوسیا.
نوێترین ڕووداوی هاوشێوەی ئەوەی بەسەر مەسرور بارزانیدا هات، مانگێك پێشتر لە فەرەنسا بوو، كاتێك “ئێریك زمور” كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەلایەن هاوڵاتییەكەوە لە شاری مواساك هێلكەی تێگیرا.
هەر لە فەرەنسا، پێدەچێت ئیمانوێل ماكرۆن-ی سەرۆك كۆمار یەكەم كەسایەتیی سیاسی بێت كە تائێستا دووجار ڕووبەڕووی هێلكەبارانكردن بووەتەوە، دووەمیان لە 27ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا بوو لەمیانەی سەردانكردنیدا بۆ پێشانگایەكی خۆراك.
ماكرۆن لەنێو كۆمەڵێك كەسدا بوو لەو پێشانگایەی لە شاری برۆن-ی نزیك بە شاری لیۆن ئەنجامدرا، كاتێك گەنجێكی (تەمەن 19 ساڵ) لە مەودایەكی نزیكەوە هێلكەیەكی تێگرت، بەڵام چانسی هەبوو، هێلكەكەی پێدا نەشكا و بەسەر شانیدا تێپەڕبوو.
ڕووداوی یەكەمیش لە ساڵی 2017دا بوو كە ئەوكات ماكرۆن كاندیدی سەرۆك كۆمار بوو.
ڕووداوەكانی هێلكەبارانكردن
ساڵی 2009 بەڕێوەبەری بانكی ئێرلەندا هێلكەباران كرا، هەمان ساڵ “یێرزی باروبك”ی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی چیك ڕووبەڕووی بووەوە.
لە هەڵبژاردنەكانی ئۆكرانیا لە ساڵی 2004دا ڤیكتۆر یابۆكۆڤیچ-ی كاندیدی ئەوكات ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، گوایە خشتی تێگیراوە، دواتر دەكەوت هێلكەباران كراوە و ئەوەش بووە مایەی گاڵتەجاڕی.
هەروەك كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی لویس ئیناسیۆ لۆلا-ی سەرۆكی بەرازیل بە هێلكە و بەرد هێرشیكرایەسەر، ئەوەش لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ باشووری بەرازیل.
لە 10ی ئەیلولی 2015 لوبنانییەكان بە هێلكە پێشوازییان لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی سەركردە و سیاسییەكانی ڕەوت و هێزە بەشداربووەكانی حكومەتی وڵاتەكەیان كرد، دوای دانیشتنێك كە لە ناوەڕاستی بەیروت ئەنجامدرا.
لە 16ی ئازاری 2019ش گەنجێكی ئوسترالی بەناوی ویلیام كۆنۆڵی هێلكەیەكی لە سەری فرەیزەر ئانگ ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئوسترالیا شكاند، بەهۆی ڕاگەیەندراوێكیەوە لەبەرامبەر ڕووداوێك كە قوربانییەكەی لانیكەم 49 كەس بوو.
هەروەك (دەیڤید كامیرۆن، ستیڤ پاڵمەر، ئارنۆڵد شوارزینیگەر، هیڵمەت كۆڵ، دەیڤید بلین، ڕیچارد بربل و جۆن زنگ) لە ڕووداوی جیاجیادا هێلكەبارانكراون.
ڕۆڵی دیموكراسی لە هێلكەبارانكردندا
دیارترین جیاوازیی نێوان هێلكەبارانەكەی دوێنێ و ڕووداوە جیهانییەكان ئەوەیە كە سەركردەكان لەنێو خاك و خەڵكی خۆیاندا ڕووبەڕووی هاتوون، لەكاتێكدا ڕووداوەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وڵاتێكی دیكە و لەسایەی دیموكراسیەت و ئازادیی وڵاتەكەدا ئەنجامدرا.
نیاز عەبدوڵا ڕۆژنامەنووس و چالاكوان نووسیویەتی، “ئەگەر ئەم خۆپیشاندەرە كوردانەی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان هەمان خۆپیشاندانیان لە دهۆك یان هەولێر رێكبخستایە، ئێستا سەرجەمیان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و دەزگای ئاسایش و پارتی دیموكرات زیندانی دەكران بە تۆمەتی خیانەتی نیشتمانی و جاسوسی بۆ وڵاتان و هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانەی كونسوڵخانەكان”.