وتەبێژی كەجەكە: مەسرور بارزانی بەڵێنی بە ئەردۆغان دا بەپێی ئەجێنداكانی توركیا ‏مامەڵە بكات

وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان – كەجەكە ئاشكرایكرد، لە سێ قۆڵەوە شكست بە ‏ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا هێنراوە، هۆشداریش دەدات لەوەی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ ‏داگیركردنی زیاتری باشووری كوردستانە.‏

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان – كەجەكە لە لێدوانێكی تایبەت بە تۆڕی ‏میدیایی ئێستا، باسی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا دەكات و دوایین زانیارییەكانی بەرەی ‏جەنگ ئاشكرادەكات. ‏

هیوا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە ئەوەی بیرهێنایەوە، كەجەكە پێشتریش ڕایگەیاندبوو پارتی ‏دیموكراتی كوردستان بەنیازە هاوكاری توركیا بێت لە ئۆپەراسیۆنێكدا، كە لە ناوەڕاستی ‏مانگی نیساندا دژی گەریلا ئەنجامی دەدات. مەبەستی وتەبێژەكەی كەجەكە ‏ڕاگەیەندراوەكەی 26ی مانگی ڕابردوو بوو، كە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەی ‏ئاشكراكردبوو.‏

‏”سەردانەكەی مەسرور بارزانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئۆپەراسیۆنەكەوە هەبوو”‏

ئەو دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەكە لە دانیشتنەكەی ئەردۆغان و مەسرور بارزانی-یەوە ‏دەستیپێكرد، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا 147 جار هێرشكراوەتە سەر هەرێمەكانی زاپ، مەتینا و ‏ئاڤاشین، لە دوێنێ شەویشەوە تاوەكو ئێستا 100 جار توركیا بۆردومانی هەرێمەكانی ‏گەریلای كردووە. ‏

بۆیە وتەبێژەكەی كەجەكە دوودڵ نییە لەوەی سەردانەكەی مەسرور بارزانی ڕاستەوخۆ ‏پەیوەندیدارە بە ئۆپەراسیۆنەكەوە، دەڵێت، ” مەسرور بارزانی بەڵێنی ئەوەشی بە ‏ئەردۆغان داوە كە بە تەواوەتی هاوكاریان بێت لەو ئۆپەراسیۆنەدا و بەپێی ئەو ‏ئەجێندایانەی كە توركیا دەیەوێت، مامەڵە بكات”. ‏

پارتی چۆن بەشدارە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا؟ ‏

وتەبێژەكەی كەجەكە شێووازی بەشداریی هێزەكانی پارتی لە ئۆپەراسیۆنەكەدا شیكردەوە، ‏ئاشكرایكرد، “پارتی دیم

وكراتی كوردستان لەم ئۆپەراسیۆنەدا ئاسانكاری و هاوكاریی ‏جووڵەی هێلیكۆپتەرەكانی توركیا دەكات، بەشێوەیەك سەربازی توركیا لە بامەڕنێ و ‏ئامێدی و ناوچەكانی دیكەوە دەگوازنەوە بۆسەر چیای كورەژار، هەروەها پارتی ‏هەوڵدەدات لەو هەرێمانە پەیوەندیی گەریلا لەگەڵ یەكتر داببڕێت، بۆیە گەمارۆی ‏خستووەتە سەر زاپ، مەتینا، حەفتانین و ئاڤاشین”.‏

لەوەش زیاتر، ئەو شوێنانەی كە هێزی سەربازیی توركیای بۆ دەچێت، پارتی هێزەكانی ‏خۆی جووڵە پێكردووە، بە تایبەت لە شیلادزێ و دێرەلوك هێزی جووڵاندووە تا ڕێگری ‏بكات لە گەریلا و نەتوانن لەسەر زەوی جووڵە بكەن.‏

ڕوونیشیكردەوە، كپكردنی دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەرامبەر بەو ئۆپەراسیۆنە و ڕەویەتیدان ‏بە هێرشەكە لە بواری سیاسیدا، یەكێكی دیكەیە لە هاوكارییەكانی پارتی بۆ توركیا.‏

‏”توركیا زیانی بەركەوتووە و لە سێ قۆڵەوە شكستیهێناوە”‏

زاگرۆس هیوا لەبارەی زیانەكانی توركیا دەڵێت، هەر لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەدا توركیا ‏‏28 سەربازی لەلایەن گەریلاوە كوژرا و نۆی دیكەشیان برینداربوون، دوو هێلیكۆپتەری ‏توركیاش تێكشكێندراون. ‏

جەختیشی كردەوە، توركیا لە كورەژار و چیای ڕەشە شكستیهێناوە لەوەی پێشڕەوی بكات ‏و سەرباز دابەزێنێت و هێرشی پیادە بكات، گەریلا لەو ناوچانە ڕێگریی لێكردوون، تەنها ‏لە ئاڤاشین توانیویانە دابەزین ئەنجام بدەن.‏

بەوتەی وتەبێژەكەی كەجەكە، بە گشتی هەر لەئێستاوە سوپای توركیا لە سێ قۆڵەوە ‏شكستی هێناوە. ‏

‏”جووڵەی هێلیكۆپتەرەكانی توركیا لە خاكی هەرێمەوەیە”‏

وتەبێژەكەی كەجەكە ئاشكرایدەكات، هێلیكۆپتەرەكانی توركیا كە سەربازەكانی ‏دەگوازێتەوە، هەموویان لە خاكی هەرێمەوە هەڵدەفڕن و لە سنووری توركیاوە نایەنە نێو ‏خاكی هەرێم، بەڵكو لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە ئامێدی و بامەڕنێ و شیلادزێوە ‏هەڵدەفڕن”. ‏

زاگرۆس هیوا پێیوایە، ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمجارەی توركیا بۆ داگیركاریی زیاترە لەنێو ‏خاكی هەرێمی كوردستاندا، لە ڕووی ئابوری و جوگرافی و سەربازیشەوە دەیەوێت ‏داگیركاریی زیاتر بكات.‏

پەیامی ئەوەی دا، كە شەڕەكە تەنها شەڕی پەكەكە و توركیا نییە، بەڵكو توركیا دەیەوێت ‏بامەڕنێ و باشیك بكاتە یەك و ئەو هەرێمانە داگیربكات.‏

بابەتی پێشتر

بەیل وەرزی داهاتوو دژی ڕیاڵ مەدرید یاری دەکات؟

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی و ماتیۆ تولەر كۆبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share