لە دەیەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا سەرۆكی كۆمەڵەیەكی فەلەكناسی پێشبینی دەكات مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ 30 ڕۆژەكەی خۆی تەواوبكات.
ڕۆژنامەی (ئیمارات لیەوم) لە زاری ئیبراهیم جروان، سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆمەڵەی فەلەكناسیی ئیمارات ڕایگەیاند، مانگی شەوال و یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە ڕۆژی دووشەممە 2ی ئایاری داهاتوو دەبێت، مانگ لە ئێوارەی یەكشەممە 1ی ئایار دەردەكەوێت، هاوكات لەگەڵ نیمچە خۆرگیران كە لە ئەوپەڕی ئەمریكای باشوور و جەمسەری باشوور دەبینرێت.
لەگەڵ ئاوابوونی خۆر لە هەمان ڕۆژدا، مانگ 18:30 كاتژمێر تێدەپەڕێنێت، بەمەش هەلی بینینی لە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی هەیە، شارەزا فەلەكناسەكە وا دەڵێت.
پێشبینیشیكرد “هاوهەڵوێستییەكی تەواوی وڵاتانی عەرەبی” لەسەر وادەی كۆتایی مانگی ڕەمەزان و دەستپێكی جەژن بێتە ئاراوە.
زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی ڕۆژی شەممە 2ی ئەم مانگەیان وەك یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاریكرد، جگە لە چەند وڵاتێكی كەمی وەك سوڵتاننشینی عەممان، ئوردون و مەراكیش.