سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، باسی کێشەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کرد، بە کێشەی دروستکراوی ناوبردن کە ئەوانەی دروستیانکردوون لە هەڵبژاردن دەترسن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شێرکۆ جەودەت ڕایگەیاند، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لە کاتی خۆیدا، کێشە تەکنیکییەکان دەکرێت گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، نابێت ببنە گرفت لەبەردەم هەڵبژاردندا.
سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنەکە وتی، یەکگرتوو لەگەڵ ئەوەیە کە بازنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کە چوار پارێزگاکەیە، دەبێت نوێنەرایەتییان هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان، مەسیحی، تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە تەنها لە هەولێر نین لە پارێزگاکانی دیکەش هەن، بۆیە دەبێت دابەشکردنێکی جیۆگرافیی دادپەروەرانە بکرێت، ئەوەش فرەبازنەییە، کە دادپەروەرانەترە.
ئاماژەی بەو گرفتانە کرد کە بۆ هەڵبژاردن دروستدەکرێن و وتی، کێشەکان دروستکراون، یەکێتی و پارتی نایانەوێت بکرێت ترسیان لە هەڵبژاردن هەیە بۆیە بیانووی جۆراوجۆر دروستدەکەن.
ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو کرد کە سەرجەمیان بە یەک بازنەیی کراون و وتی، ئەوە ئەنجامەکەیەتی پارتێک کە لە شوێنێک زۆرینەیە دەیەوێت کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان بکات لەسەر حسابی ناوچەکانی دیکە.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر مەبەستیان بێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت ئاسانە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕێکبخات بۆئەوەی بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بدات و ئەوەش یەک ڕۆژی پێدەچێت.
سەبارەت بە هەمواری یاساکەش ئەو لایەنەی دەڵێت با هەمواربکرێتەوە پڕۆژەیان پێشکەشکردووە، ئەوەشی نایەوێت با پڕۆژەی هەبێت و پەلەبکرێت لە هەموارەکەیدا، وەك سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوی ڕایگەیاند.
لەلایەکی دیکەوە شێرکۆ جەودەت باسی لە کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و وتی، “ئێمە لەسەر ئەوەی یاسای بودجە نایەتە پەرلەمان، لەبەر ئەوەی پارە لە بانکەکاندا نامێنێت، مووچە دوادەخرێت بەبێ هۆ لە کاتێکدا داهاتێکی زۆری نەوتی و نانەوتی هەیە لە هەرێمی کوردستان، دۆسیەیەکی دادوەریی یاسایی لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە دژی حکومەتی هەرێم دەکەینەوە”.
جەختیکردەوە، “سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆماردەکەین چونکە ئەو چارەسەرانەی باسدەکرێن نەکراون، شتی زۆر خراپتر لەم هەرێمە بەڕێوەیە”.
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، قەیرانی گەورە لە هەرێم هەیە و دەڵێت، “گازی سروشتیت نییە بۆ ئەوەی بڕی پێوسیتیی ماڵان دابینبکەی هاتووی باسی هەناردەی گاز دەکەیت بۆ ئەوروپا”.
“بڕیاردەری حوکمڕانی ئاگای لە دنیا نییە، ئاگای لە واقیعی هەرێمی کوردستانیش نییە، بڕۆن بەدواداچوون بۆ کۆرمۆر و چەمچەماڵ بکەن کە گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتییە، بزانن بەشی ئەوە دەکات هەناردەی دەرەوە بکرێت؟ تاوەکو لە ئیمارات و وڵاتان بەڵێنی گەورە بدەیت و دواتریش ڕاست دەرنەچێت، ئەتانەوێت گازە سروشتییەکەش بە دەردی نەوتەکە بەرن، کە بەڵێنی گەورەتان دا و وادەرنەچوو، بەڵێنی ئابوریی سەربەخۆتان دا و وادەرنەچوو، هەرێمێکتان تووشی ئەم هەلاکەتەی ئێستا کرد” شێرکۆ جەودەت وای وت.
باسی لەوە کرد، ڕێککەوتن بەناوی لامەرکەزی کراوە بۆ سلێمانی کە ئەویش “بەسەقەتی” کراوە، چونکە ئەوە لەبەرچاو نەگیراوە داهاتی سلێمانی کەمترە لە خەرجییەکانی ئەوەش کورتهێنان دروستدەکات.
بە وتەی شێركۆ جەودەت، سلێمانی داهاتی کەمترە لە خەرجییەکانی بۆیە مووچەخۆرانی سلێمانی و پڕۆژەکانی سلێمانی دەبنە قوربانی، بۆیە ئێمە واز لە سلێمانی ناهێنین، سلێمانی هی هەموومانە چ سلێمانی و چ هەموو هەرێمی کوردستان پێویستە ڕزگاربکرێن لەو شڵەژاوییەی تێیکەوتوون، لەو شڵەژاوییە داراییەی هەیە لە کۆنترۆڵنەکردنی داهات.
ئە وتی، “دۆخی کۆمەڵگا لە داڕزاویدایە هەر لەڕووی ئەخلاقییەوە تاوەکو بەهاکانی دیکە، لە خراپترین ئاستی داڕمانیایەتی بە بەرچاوی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمەوە”.