لە مانگی ڕەمەزاندا.. کەی و چۆن وەرزش بکرێت؟

لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا، پرسیارەکان لەبارەی وەرزشکردنەوە زیاد دەکەن، سەبارەت بەوەی ئایا کاریگەریی ئەرێنیی هەیە یان نەرێنی، یاخود باشترین کات بۆ ئەنجامدانی کەیە و کام جۆری وەرزش باشترینە؟

وەرزشکردن سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، جا لە مانگی ڕەمەزاندا بێت یان نا، بەڵام لە کاتی بەڕوژووبووندا گرنگە ڕادەی چڕی و مەندووکەریی وەرزشەکە و کاتەکەی لەبەرچاوبگیرێت.

ئەگەر وەرزشەکەت چڕ و ماندووکەر بوو، ئەوا باشترە 3 کاتژمێر پاش بەربانگ ئەنجامبدرێت، بەڵام بەر لە ڕۆژووشکاندن باشتر وایە وەرزشی ئاسانتر ئەنجامبدرێت، وەک پیاسەکردن یان ڕاکردنی خاو بە شێوەیەک کە لێدانی دڵ زۆر بەرزنەکاتەوە.

کەی وەرزشی سووک و مامناوەند ئەنجامبدرێن؟

باشتر وایە وەرزشی سووک و مامناوەند نزیکی 40 خولەک بەر لە بەربانگ ئەنجامبدرێت و ماوەکەی 30-40 خولەک بخایەنێت، تاکو ڕاستەوخۆ بکەوێتە پێش ڕۆژووشکاندن و جەستە زۆر وشکنەبێتەوە. وەرزشکردن وزە و ئاوی جەستە بەکاردەبات، بۆیە گونجاو نییە ڕەمەزانان لە سەرەتای ڕۆژەکە، یان لە گەرمادا ئەنجامبدرێت.

کام وەرزش ئەنجامبدرێت؟

لە کاتی بەڕوژووبووندا، وەرزشە مامناوەندەکانی وەک پیاسەکردن و ڕاکردنی خاو و مەلە گونجاوترن، واتە ئەو وەرزشانەی بە کاردیۆ ناسراون، نەک وەرزشەکانی بەرهەڵستیی ماسوولکەیی و هەڵگرتنی قورسایی، چونکە ئەو جۆرەیان وزەی جەستە بەتەواوی بەکاردەبات، بۆیە باشترە بخرێتە پاش ڕوژووشکاندنەوە، لایەنی کەم بە ماودای 3 کاتژمێر.

چەند ڕێنماییەکی گشتی

پێش بەربانگ یان دوای بەربانگت بۆ وەرزشکردن هەڵبژارد، چەند ڕێنماییەک هەن سەبارەت بە وەرزش و بەڕوژووبوون کە دەکرێت لە هەموو بارەکاندا سوودیان هەبێت.

خواردنەوەی ئاوی زۆر، تاکو جەستەت وشک نەبێتەوە و قەرەبووی وشکبوونەوەی ڕۆژەکە بکەیتەوە.

خۆشەکەتنەکردن، واتە خۆبەدوورگرتن لە وەرزشە زۆر سەخت و ماندووکەرەکان.

ڕاوەستان لە کاتی پێویستیدا، واتە ئەگەر هەستت بە شەکەتی، ئازار، سەرئێشە یان خێرابوونی زۆری لێدانەکانی دڵت کرد، پێویستە وەرزشەکەت ڕابگریت و پشووبدەیت.

خۆبەدوورگرتن لە کافین، واتە نەخواردنەوەی قاوە و چا و خواردنەوە گازییەکان، چونکە کافینیان تێدایە و ئەو مادەیەش جەستە وشکدەکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لەڕێگەی ئێستاوە هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، لەڕێگەی ئێستاوە هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات. بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، لەڕێگەی تۆڕی میدیایی ئێستاوە…
Total
0
Share