هەولێر.. زیندانییەكی سیاسی ماوەی 11 ساڵە بێ دادگایی بەندكراوە

شێروان سەعید یوسف حاجی

زیندانییەك كە كارمەندی ئاسایش بووە ماوەی 11 ساڵە لە ئاسایشی گشتیی هەولێر بەندكراوە بێئەوەی دادگایی بكرێت، کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان (CDFR) نامەیەكی زیندانییەكەی بڵاوكردووەتەوە و هۆكاری سزاكەی بۆ گۆڕینی لایەنی سیاسی دەگەڕێنێتەوە.

كۆمیتەی (CDFR) ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، زیندانییەک بەناوی (شێروان سەعید سیاری) کە دانیشتووی پیرمامە و لە ئاسایشی گشتیی ھەولێر پێمانگەیشتووە، دوور لە ھەموو بنەما یاسایی و دیموکراسییەکان لەسەر “گۆڕینی لایەنی سیاسی خۆی”، چەندین ساڵە سزادەدرێت.

كۆمیتەكە داوادەكات دەستبەجێ پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە و گشت دەستگیرکراوەکان دەستپێبکرێت و دۆسیەکانیان یەکلایی بکرێت، ئەو ماوەیەی بێ دادگاش بەندکراون قەرەبوو بکرێنەوە.

هاوكات نامەیەكی بەندكراوەكەی بڵاوكردووەتەوە و جەخت لەوەش دەكاتەوە، ھەر مەترسییەک بکەوێتەسەر ژیانی، دەزگا ئەمنییەکان بەرپرسیارن و بە وردی لەگەڵ ھاوبەشەکانیان لە ناوەندە جیھانیەکان کاری لەسەردەکەن.

دەقی نامەکە:

من (شێروان سەعید یوسف حاجی) ناسراو بە شیروان سەعید سمێڵ لە پیرمام ئاکنجی بووم، لە ساڵی 2007 تا 2013 رفێرام و بێ دادگا زیندانیکرام، دواتر لە 15-11-2017 بەدەستی مەفرەزەیەکی پاراستن و ئاسایشی پیرمام دەستگیردەکرێم و رفێنرام.
تاکو ئێستا لە ئاسایشی گشتی بەندکراوم لە ھەولێر، بەبێ ئەوەی ھیچ دادگا و دادوەرێکی بەرێز من ببینێت.
نەک پارێزەر تەنانەت دادوەری لێکۆڵینەوە منی نەبینیوە، تەنھا یەك جار لەلای پاراستن لە 6-2-2018 بانگ کراوم ئەویش یەک پرسیاریان لەمن کردوە ئایا (شێخ لاھور و بافڵ تاڵەبانی)م بینیوە و سوکایەتیشیان پێکردن، منیش وتم (نەخێر) گوایە بە قسەی خۆیان من (حجزی) مەسرور بارزانیم، لەکاتێکدا من لە ئاسایشی ڕانیەی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراوم و ئەرکی ئاسایی خۆم ئەنجامداوە، بەڵام تائێستا ئەوان ھیچ ھەلوێستێکیان نیە.
لە ھەرێمێکدا کە باسی سەروەری یاسایی دەکرێت، چۆن دەبێت خەڵک حجز بکرێت.
بۆیە داوا لە بەرێزتان دەکەم کە پەیامی من بگەیەننە ئەم بەڕێزانەی خوارەوە:-
١-دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا
٢-ڕای گشتیی جیھانی و کوردستان
٣-سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٤-سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەت
٥-ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ
٦-UN و کونسوڵخانەکان
٧-ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێم
٨-ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم
٩-سەرۆکی دادگای ھەرێم
١٠-پارێزەرە خوبەخشەکان
١١-پەرلەمانتار و پارتە سیاسیەکان
١٢-دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێم

تایبەت بو بەرێز جەنابی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە لە 10-6-2019 وەکو سەرۆکی ھەرێم دەستی لەسەر قورئان دانا و وەکو سەرۆکی ھەرێم سوێندی یاسایی خوارد کە پارێزگاری لە سەروەری یاسا و مافی ھاوڵاتیان بکات، ئەگەر بەڕاستی جەنابی پارێزەری سەروەری یاسا و مافی ھاوڵاتیان بێت نابێت ئەم پێشێلکارییە نایاساییە قبولبکات لەسەر مافی تاکی ھاوڵاتییانی ھەرێمی خۆی.
تکاتان لێدەکەم ئەم پەیامەی من بگەیەنن، چونکە خاوەنی ماڵ و مناڵم، ھەرچەندە لێرە پێیانوتوم ھەر پەیام و نامەیەک بنێریتە دەرەوە دەتکوژین، بۆیە ئێستا ژیانم لە مەترسیدایە.
لەگەل رێزمدا

شێروان سەعید یوسف حاجی
زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر.

بابەتی پێشتر

باندێکی ساختەکاری دەستگیركران

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) بنزیمه‌ی ئاگرین چێڵسی کوتا به‌زه‌ویدا و ڤیاڕیاڵ سوپرایزی بۆ بایرن هه‌بوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share