بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەكەی و هیچ حزبێكی دیكە، بەدەر لە پارتی، ناچنە هەڵبژاردنەوە ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەموارنەكرێتەوە و سیستمی بازنەكان گۆڕانكاریی بەسەردا نەیەت.
ڕزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە، لە میانەی بەشداریكردنی لە دیداری تایبەتی “ئێستا”دا، كە ڕۆژنامەنووس بژار دەباغ پێشكەشی دەكات، باسی كۆمەڵێك پرسی گرنگی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پرسی سەرۆك كۆمار دەكات و بڕیارە كاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ لە سەكۆكانی تۆڕی میدیایی ئێستاوە بڵاوبكرێتەوە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەڵێت، “یەكێتی و لایەنەكانی دیكە ناچنە هەڵبژاردنێكەوە كە یاساكە هەموارنەكرێتەوە و تۆماری دەنگدەران پاكنەكرێتەوە، چونكە وەكو خۆی دەڵێت، ”بەمشێوەیە هەڵبژاردن بكرێت پارتی 20 كورسی پێشوەختەی مسۆگەرە و بە لایەنەكان دەڵێت هەڵبژاردن بۆ 91 كورسییەكەی دیكە دەكەین”.
بەرپرسەكەی یەكێتی نەشیشاردەوە، پارتی هاوشێوەی پەرلەمان دەیەوێت زۆرینەی كۆمسیۆنیش بۆ خۆی ببات، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ئەوە بەلای خەڵكی كوردستان و لایەنەكانی دیكەوە قبوڵكراو نییە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی هۆكاری سووربوونیان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕووندەكاتەوە، دەڵێت ، “پارتی بە كورسیی پێكهاتەكان و گرفتەكانی تۆماری دەنگدەران، پێش هەموو هەڵبژاردنێك 20 كورسیی مسۆگەری هەیە، بۆیە ناكرێت هەڵبژاردن بەو شێوەیە بكرێت”.
دەربارەی پرسی سەرۆك كۆماریش، كە لەئێستادا یەكێتی و پارتی لەبارەیەوە ناكۆكن، ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت، 200 جاری دیكەش دانیشتنی پەرلەمان بۆ پرسی سەرۆك كۆمار بكرێت، ڕێژەی یاسایی بۆ پارتی كۆنابێتەوە، تا خواستی یەكێتی لەسەر نەبێت.
جەختیشدەكاتەوە، یەكێتی خاوەن بڕیاری خۆیەتی و بەهیچ جۆرێك دوای بڕیاری كەس ناكەوێت.