میدیای عێراقی باس لە ئەگەری سەردانێكی محەمەد حەلبووسی بۆلای موقتەدا سەدر دەكات، تا سەرۆكەكەی ئەنجومەنی نوێنەران كێشەكانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە بگەیەنێتە سەدر، حەشدی عەشائیریش هاتوونەتە ناو هاوكێشەكەوە و پێدەچێت گرفت بۆ هاوپەیمانیی سێقۆڵی دروست ببێت.
میدیا عێراقییەکان ئاشكرایانكردووە، بەم نزیكانە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەچێتە نەجەف، بۆ ئەوەی لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆببێتەوە و ناكۆكییەكانی نێوان خۆی و حاكم زاملی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بگەیەنێتە سەدر.
بەوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ میدیا عێراقییەكان كردووە، ئەگەر هەیە حەلبووسی تا ئەگەری هەڕەشەی كشانەوە لە هاوپەیمانیی سێقۆڵی، پەیام بە موقتەدا سەدر بدات.
هاوكات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، سەرکردەکانی هاوپەیمانیی سەروەری، كە حەلبووسی و خەنجەر پێكهێنەری سەرەكین، سەرۆک عەشیرەتە سوننەکانی ئەنباریان ئاگادارکردووەتەوە بۆ بەستنی کۆنگرەیەک لە چەند ڕۆژێکی کەمی داهاتوودا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی سیاسی، كە بۆ میدیا عێراقییەكانی ئاشکراکردووە، بڕیارە کۆنگرەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ موقتەدا سەدر بکات لە ئەگەری بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و حاکم زاملی جێگری یەكەمی، كە سەر بە ڕەوتی سەدرە.
لە دیارترین چاوەڕوانییەکان و لێكەوتەكانی کۆنگرەکە، داواکاریی کۆنگرەکەیە لە موقتەدا سەدر بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان حەلبووسی و زاملی سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، یان کشانەوە لە هاوپەیمانییەکە و پێکهێنانی هاوپەیمانیی نوێ.