یەكێتی: هێز نییە گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن ڕابگرێت‏

فراكسیۆنی یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی بە سازان، یاساكانی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن هەمواربكرێنەوە، دەڵێت، هێز نییە بتوانێك ڕایانگرێت لە گۆڕانكاریكردن لە سیستمی هەڵبژاردن.

فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا تێڕوانینی یەكێتی و فراكسیۆنەكەی بۆ پرسی هەڵبژاردن خستەڕوو، بەبیریهێنایەوە، كە لە ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەت هاتووە، بە سازان یاساكانی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن هەمواربكرێتەوە.

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنەكە ڕایگەیاند، لە 2021/11/3 بەدواوە حەوت كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجامدراوە و هەموو فراكسیۆنەكان بەشداربوون، هەر لەسەرەتاوە دووپاتكراوەتەوە كە لایەنەكان لەبارەی هەمواری یاساكان ڕێكبكەون، ئەوكات بێتەوە پەرلەمان.

ئاشكراشیكرد، لەوكاتەوە یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش، جگە لە پارتی و پێكهاتەكان، پڕۆژەیان هەبووە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بەڵام چاوەڕێی پارتی كرا تا پڕۆژەی خۆی بێنێت و تێكەڵ بە پڕۆژەكانی دیكە بكرێت بۆ هەمواركردنەوەكە، بەڵام نەیانبوو.

بۆیە سەرۆكی فراكسیۆنەكەی یەكێتی هۆكاری نەگەیشتنە سازانەكە و درەنگكەوتنی پێشكەشكردنی پڕۆژەكانی هەمواركردنەوەی یاساكان دەخاتە ئەستۆی پارتی، دەڵێت، “ئەگەر پارتی بهاتایەتە پێشەوە، ئێستا یاساكە هەمواركرابووەوە”.

فراكسیۆنی یەكێتی دیدی حزبەكەشی دووپاتكردەوە بۆ ئەوەی سیستمی هەڵبژاردن بكرێتە فرەبازنەیی، بەو پێیەی یەكبازنەیی ناتوانێت هاوسەنگیی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت، “لە پەرلەمان نەتوانراوە بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگاكان نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان بپارێزین”، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن بكرێتە چوار بازنە.

ئەمە جگە لەوەی یەكێتی سوورە لەسەر پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پوختكردنەوەی، چونكە “مردووی زۆری تێدایە”.

لەبارەی پێكهاتەكانیشەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بیریهێنایەوە، كە بوونی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە پێشنیازی مام جەلال بووە، ڕەتیشیكردەوە ژمارەی كورسییەكانی پێكهاتەكان كەمبكرێتەوە، بەڵكو دەویسترێت دابەشبكرێن بەسەر پارێزگاكاندا و هەروەها نوێنەری ڕاستەقینەی پێكهاتەكانیش بن، نە نوێنەری یەكێتی و پارتی.

دووبارە ویستی یەكێتیشی بۆ سازان لەسەر هەمواری یاساكە دووپاتكردەوە و داوای لە پارتی و فراكسیۆنەكەی كرد لەگەڵیان بن بۆ ئەو كارە، وتیشی، هێز نییە گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن ڕابگرێت.

بابەتی پێشتر

حەلبووسی بە هەڕەشەوە دەچێتە لای سەدر

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share