جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو سەلماندوویەتی بڕیاری تاكڕەوانە بە نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان شكاوەتەوە و داواشدەكات پارتی ئەزموون لە هەڵەكانی ساڵانی ڕابردوو وەربگرێت.
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، ئەزموونی ساڵانی ڕابردووی هەرێمی كوردستان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە هەموو ئەو بڕیارانەی بە تاكڕەویی حزبی دراون، سەرئەنجام، بڕیاری سیاسی بن یان ئابوری، بە نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان شكاوەتەوە.
وتیشی، “باشتروایە پارتی لەم حەقیقەتە تێبگات و ئەزموون لە هەڵەكانی ساڵانی ڕابردوو وەربگرێت”.
یەكێتی پێیوایە هەڵبژاردن پرسێكی نیشتمانییە و پێویستی بە سازانی هێزە سیاسییەكانە، وەردی وتی، “ئێمە مكوڕین لەسەر ئەوەی دەبێت هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە سازانی تەواوی هێزە سیاسییەكان بێت”.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئومێددەخوازێت پارتی بێتە ژێرباری ئەوەی بەیەكەوە هەموواری یاسای هەڵبژاردن بكەن و لەڕێیەوە “هەرێمی كوردستان دابەشی چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن بكەین، تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە، بەشێوازێك كورسی كۆتا و پێكهاتەكان ڕێكبخەینەوە كە خزمەت بە پرۆسەی دیموكراسی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان بكات”.
وتەكانی جێگری فراكسیۆنی یەكێتی لەكاتێكدایە ئەمڕۆ فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمان ڕایگەیاند، سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا و لە 10/1 ئەنجامبدرێت، هەڕەشەی ئەوەشیكرد، سەرەڕای ئەوەی لەم خولەدا تەنها یەك جار زۆرینەی پەرلەمانییان بەكارهێناوە، بەڵام ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمان ڕانەگەیەنێت، پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بەكاردەهێنێت.
لەو بارەیەوە لوقمان وەردی وتی، “زەمەنی هەڕەشە، زەمەنی پەنجە ڕاوەشاندن تاقیكرایەوە و ئەنجامەكەیمان بینی پەشیمانی لەدواوە بوو، بۆیە ئەمەش هیچی لێ سەوزنابێت دڵنیاین”.
ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی دەیەوێت بەهەمان یاسای پێشوو هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی بتوانێت زۆرینەیەكی دەستكرد دروستبكات، دۆخی كوردستان بەمجۆرە درێژە پێبدات.
سەبارەت بە كورسیی پێكهاتەكانیش پێیوایە پارتی “یارییەكی ناشرینیان پێدەكات” و ئەوان دەیانەوێت یاساكە بەجۆرێك بێت پێكهاتەكان تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بەخۆیان هەبێت و دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی پێكهاتەكان بتوانن نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەڵببژێرن و داكۆكی لە مافەكانی خۆیان بكەن.
دووپاتیشیكردەوە، “تائێستا پارتی غەدرێكی زۆر گەورە لە پێكهاتەكان دەكات و لە ململانێ سیاسییەكان بەكاریان دەهێنێت، پەیامیشم بۆ پێكهاتەكان ئەوەیە حەقە ڕێگەنەدەن پارتی پشتئەستوور بە دەنگ و كورسیی ئەوان پەیامی هەڕەشە بۆ هێزە سیاسییەكانی دیكە بنێرێت”.
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕوونیشیكردەوە، پێنج فراكسیۆنی جیاواز لەگەڵ پەرلەمانتارە سەربەخۆكان سازاون لەسەر هەموواری یاسایی هەڵبژاردن ئەوەی نەسازاوە پارتییە. لەوەشدا دووپاتیكردەوە، “سوورین لەسەر ئەوەی كۆتایی بە بڕیاری تاكڕەویی حزبی لە پرسە نیشتمانییەكان بێت. سوورین لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، سازانی نیشتمانی هێزە سیاسییەكانی لەسەربێت”.