ئەمریکا فشاردەكات ڕوسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دووربخاتەوە

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی داوا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات ئەندامێتیی ڕوسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ هەڵپەسێرێت، ئەوەش بەهۆی تۆمەتبارکردنی ڕوسیا بە کوشتنی دەیان هاوڵاتیی سڤیل لە شاری بوچا.

لیندا تۆماس گرینفیڵد لە وتەیەکیدا لە ڕۆمانیا ئاشکرایکرد، “بەشداریکردنی ڕوسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ کارێکی گاڵتەجاڕانەیە” وتیشی، “ئەوە هەڵەیە بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگبدات لەسەر دوورخستنەوەی”.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەڵپەساردنی هەر ئەندامێکی ئەنجومەنەکە ئەگەری هەیە، لە کاتێکدا تێوەبگلێت لە ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و دوو لەسەر سێی ئەندامان دەنگبدەن بۆ دوورخستنەوەی.

باڵیۆزەکەی ئەمریکا وتی، دەیانەوێت ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر ئەو پرسە بدرێت.

لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا لە 24ی شوباتەوە، ئەنجومەنی ئاسایش دوو بڕیاری سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی بە دەنگی زۆرینە کە 140 ئەندامبوون پەسەندکردووە.

گرینفیڵد وتیشی، “دەمەوێت پەیامێک ئاراستەی ئەو 140 ئەندامە بکەم کە دژی هێرشەکە وەستاینەوە، وێنەکانی بوچا و وێرانکارییەکانی دیکە لە ئۆکرانیا وامانلێدەکەن ئێستا وتەکانمان بکەین بە کردار”.

ڕوسیا لە سەرەتای هێرشەکانییەوە کۆنترۆڵی بوچا و ئێربینی دەوروبەری کیێڤی کرد، لەم چەند هەفتەیەدا ئەو دوو شارە ڕووبەڕووی وێرانکاری زۆر و کۆچی بە کۆمەڵی دانیشتووانەکەی بووەوە.

بەپێی داواکاری گشتیی ئۆکرانیا، تەرمی 410 هاوڵاتیی سڤیل لە بوچا و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری کیێڤ دۆزراونەتەوە.

ئۆکرانیا ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارە ڕێگەپێدراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاردەهێنن تاوەکو بەڵگەی پێویست لەسەر تاوانەکانی ڕوسیا لە ئۆکرانیا کۆبکەنەوە.

بابەتی پێشتر

پاش ڕووداوەكەی بوچا<br> تاوانی جەنگ چییە و چۆن بڕیاری لێدەدرێت؟

بابەتی دواتر

ئێران گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ پێش سزاکان ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share