ئەمریكا سزای بەسەر لۆگانسک و دۆنیتسكدا سەپاند

شەوی ڕابردوو ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا بە دوو مەرسوم دانینا بە سەربەخۆیی هەردوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنیتسکی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، دوای بڕیارەکەی پوتین نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و کۆشکی سپیش ڕایگەیاند بەزووی سزای توند دەسەپێنن بەسەر ئەو دوو ناوچەیەدا.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، “سەرۆک جۆ بایدن بەم نزیکانە بڕیاری جێبەجێکردنی سزای قەدەغەکردنی بازرگانی، سەرمایەگوزاری، وەبەرهێنان دەدات دژی هەردوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنیتسکی هەرێمی دۆنباس لە ئۆکرانیا”.

وتەبێژی کۆشکی سپی جەختیکردەوە، “بڕیارەکە سزا بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا دەسەپێنێت کە ئەو کارانە لەگەڵ ئەو دوو ناوچەیە بکات”، ڕاشیگەیاند، ئەم سزایانە جیاوازە لەو سزایانەی ئامادەکراون دژی ڕوسیا لە ئەگەری هێرشکردنەسەر ئۆکرانیا.

هەروەها ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، دانپێدانانەکەی پوتین بەو دوو ناوچەیە “پێشێلکارییەکی ڕوون”ی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانە.

هەر دوای دانپێدانانەکەی پوتین درەنگانی شەوی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەو بڕیارەوە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای هەریەکە لە کیێڤ، واشنتن و یەکێتیی ئەوروپا بوو.

لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری ئەمنیداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆزماری دیکارلۆ هۆشداریدا لە مەترسییەکانی دروستبوونی ململانێی بەرفراوان، داواشیکرد کاربکرێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

هەروەها نیگەرانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەبارەی بڵاوپێکردنی هێزی ڕوسیا لە سنوورەکانی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفێڵد، وتەکانی پوتنی بە بوونی هێزەکانی لەو سنوورانە بۆ “مەبەستی پاراستنی ئاشتی” بەوە ناوبرد تەنها “هەڵایە”، “ئەگەرنا هەموومان ڕاستییەکان دەزانین”.

شەوی ڕابردوو ڤلادیمێر پوتین دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی و داواکاریی هەردوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنیتسک بۆ دانپێدانانی سەربەخۆییان، بڕیاری دەنپێدانانەکەی واژووکرد.

بابەتی پێشتر

ڤلادیمێر پوتین دانینا بە سەربەخۆیی هەردوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنیتسکی هەرێمی دۆنباس

بابەتی دواتر

نرخی نەوت بەهۆی بڕیارەکەی پوتینەوە بۆ سەروو 97 دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share