دوای پچڕاندنی پەیوەندییەکان باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەلبانیا سەرجەم بەڵگەنامەکانی سوتاند

دیپلۆماتە ئێرانییەکان لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە ئەلبانیا بەر لە چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکە سەرجەم بەڵگەنامەکانیان سوتان، ئەوەش دوای ئەوەی ئەلبانیا پچڕاندنی سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و 24 کاتژمێری دیاریکرد بۆ چۆڵکردنی وڵاتەکەی.

ئەلبانیا بە تۆمەتی ئەوەی لە مانگی تەمموزدا تاران هێرشی ئەلیکترۆنیی بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەنجامداوە، بڕیاری ڕاگرتنی سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دا، ماوەی 24 کاتژمێریشی دانا بۆئەوەی دیپلۆماتەکانی ئێران وڵاتەکەی چۆڵبکەن.

ئیدی ڕاما سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا ڕۆژی چوارشەممە بڕیاریدا بە دەرکردنی سەرجەم دیپلۆماتە ئێرانییەکان و داخستنی باڵیۆزخانەی ئێران لە وڵاتەکەی و چۆڵکردنی ئەلبانیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا.

سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا وتی، “هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران هەڕەشەن بۆ سەر لەکارخستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سڕینەوەی سیستمی دیجیتاڵی و بردنی تۆمارەکانی دەوڵەت و دزینی نامە ئەلیکترۆنییە ناوخۆییەکانی حکومەت، هەروەها دروستکردنی پشێوی و ئاژاوە.

باسی لەوەکرد، هێرشەکەی مانگی ڕابردوو شکستیهێناوە، “زیانەکان بەراورد بە ئامانجی هێرشەکە کەم و بچوک بوون، سیستمەکە ئێستا بەتەواوی کەوتووەتەوە کار”.

شایەتحاڵێک لە باڵیۆزخانەی ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، بینیویەتی سەرجەم تۆمارەکانیان کردووەتە ناو بەرمیلەوە و سوتاندوونیان.

واشنتۆن کە ئەلبانیا وەک هاوپەیمانێکی نزیک دادەنێت، ئێرانی بەو هێرشە تۆمەتبار کرد و بەڵێنیدا کە ڕێکاری توند دژی ئێران بگرێتەبەر لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی دژی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەیکات.

لە بەرامبەردا ئێران سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەلبانیای کرد، پاساوەکانی ئەو وڵاتەی بۆ ئەو بڕیارە بە “بێ بنەما” ناوبرد.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەمنزیکانە جیهان تووشی کەمی داهات و نەخوێندەواری و مردن دەبێت

بابەتی دواتر

لیڤا گۆڵ هەڕەشە لە بایرن دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share