سێیەم دانیشتن شكستیهێنا
بژاردەكانی بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران چین؟

دوای ئەوەی ئەمڕۆ بۆ سێیەمجار ئەنجومەنی نوێنەران شكستیهێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ، داهاتووی عێراق لە بەردەم دوو ئەگەردایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆ جاری سێیەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكستیهێنا و بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە گۆڕدرا بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ژمارەیەك لیژنە.

سەرەڕای زانیارییان لەبارەی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی و شكستهێنانی، ئەمڕۆ جارێكی دیكە هاوپەیمانیی سێقۆڵی سووربوون لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەڵام بەپێی میدیا عێراقییەكان كەمتر لە 145 پەرلەمانتار ئامادەبوون و بەهۆیەوە دەستەی سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی تا كاتێكی نادیار دواخست.

دوای ئەو هەوڵە هەنگاونان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە بەردەم دوو ئەگەردایە، یان ڕێككەوتن و گەیشتنە سازان لەنێوان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن هاوشێوەی خولەكانی پێشوو، یاخود هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن.

دوابەدوای شكستهێنانی دانیشتنەكە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی بە هەموو شێوەیەك ڕەتدەكەمەوە بە هیچ شێوەیەك گەلی عێراق ناگەڕێنمەوە بۆ نەهامەتییەكانی پێشوو”.

وتیشی، “هیچ خێرێك لە حكومەتی تەوافوقی نیشتمانیدا نییە و تەوافوق مانای كۆتاییهاتنی وڵاتە”.

هەمان ئەو سووربوونەی موقتەدا سەدر دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە، لەماوەی ڕابردوودا هۆكاربووە بۆ پەككەوتنی هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ.

لە ئەگەری بەردەوامبوونیشیدا، سەدر و هاوپەیمانەكانی هیچ بژاردەیەكی دیكەیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە دەنگدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن.

محەمەد لەكاش، پەلەمانتاری پێشوو لە ڕەوتی حیكمە ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن بژاردەیەكی نزیكترە لە جێبەجێبوون.

وتیشی، “تەنانەت ئەگەر لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی هەوڵ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت بدەن، دەبێتە حكومەتی قەیران و ناتوانێت ئەرك و بەرنامەكەی جێبەجێ بكات، بەهۆی ئەوەی لایەكەی دیكە توانای ئاژاوەگێڕییان هەیە و بەربەست لەبەردەمیدا دروستدەكات”.

“داخران و گەیشتنە بنبەستی سیاسی دۆخێكی ئاساییە و لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا ڕوودەدەن بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردن لەبەر هۆكارگەلی زۆر، دواتر ڕوودەكەنە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام پێشێلكردنی ماوە دەستوورییەكان كە خواستی ئێمە نەبوو، پێشێلی دەستوورییە”، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو وای وت.

دوو بژاردە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران
ماددەی 64ی دەستوور دیاریكردووە كە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی دەبێت لەڕێی دوو بژاردەوە كە سێیەمی نییە، یەكەم لەسەر داوای یەك لەسەر سێی ئەندامانی، دووەمیش بە داواكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ڕەزامەندی سەرۆك كۆمار.

بەپێی دەستوور و شیكردنەوەی دادگای باڵای فیدراڵی تا 6ی نیسانی داهاتوو وادەی دەستووری بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەردەستدا ماوە، تا ئەوكاتەش بژاردەكانی بەردەم ئەنجومەن ڕوونتر دەبنەوە.

بابەتی پێشتر

عێراق كۆمپانیایەك بۆ نەوت و غازی هەرێم دادەمەزرێنێت و خۆی سەرپەرشتیی دۆسیەكە دەكات

بابەتی دواتر

زڵاتان وازهێنان ڕەتدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شاندێكی سەربازیی عێراقی لە ئەمریكایە

شاندێكی سەربازیی عێراق لە ئەمریكایە و بەرپرسێكی پێنتاگۆن ئامانجەكەی ئاشكرادەكات. بەرپرسێك لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، گفتوگۆكانی…
Total
0
Share