نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە عێراق دەکات جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای لە حکومەتی عێراق کرد جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت.

ميشێل باشيليت، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان دوێنێ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكرد، بە نیگەرانییەوە هەواڵی لە سێدارەدانی 21 تاوانباریان لە عێراق پێگەیشتووە کە ڕۆژی دووشەممە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.

باشیلیت داوای لە کاربەدەستانی عێراق کردووە کە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرن و ڕایگەیاندووە، “هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکەم لەبارەی چارەنووسی سەدان بەندکراو لە گرتووخانەکانی عێراقدا کە مەترسی ئەوە هەیە سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت”.

کۆمیسیارەكەی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەڵسەنگاندنی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری لە عێراق جەخت لە بوونی پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکان لە دادگاکان دەکرێت، بەجۆرێک بەندکراو لەژێر ئەشکەنجە دان بە ئەنجامدانی تاوان دەنێت لەگەڵ خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراواندا”.

باشیلیت ڕوونیشیکردووەتەوە، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دۆخی ئێستادا مایەی نیگەرانی ئەوانە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، پۆلیسی پارێزگای زیقار باشووری عێراق ڕایگەیاند، “سزای لەسێدارەدانیان بەسەر 21 تاوانباردا لە بەندیخانەی ناوەندی ناسڕییە جێبەجێ كردووە”.

دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تیرۆر بەپێی مادەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدرێت و بەگوێرەی ئەو مادەیە، هەرکەسێک کاری تیرۆریستی ئەنجام بدات و تاوانەکەی بەسەردا ساغ ببێتەوە بە لەسێدارەدان سزا دەدرێت.

بەگوێرەی دەستووری عێراق، بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان پێویستی بە پەسەندکردن هەیە لەلایەن سەرۆكکۆمار، دواتر وەزارەتی داد سزاکە بەسەر تاوانباراندا جێبەجێ دەکات.

 

بابەتی پێشتر

ئیسپانیا به‌ شه‌ش گۆڵی بێوه‌ڵام بردنه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر ئه‌ڵمانیا تۆمارکرد

بابەتی دواتر

پارێزگاری هەولێر کۆچی دوایی کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share