داهاتی بەناوبانگترین هونەرمەندی جیهانی بۆ نەخۆشخانەیەکی منداڵانی ئۆکرانیا تەرخاندەکرێت

کارێکی هونەریی هونەرمەندی ناسراو بە ناوی “بانکسی”ەوە، لە زیادکردنێکدا بە بڕەپارەیەکی زۆر دەفرۆشرێت و داهاتەکەشی بۆ نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە ئۆکرانیا تەرخاندەکرێت.

لە پێگەی “MyArtBroker”ی بەریتانیی تایبەت بە فرۆشتنی کارە هونەرییەکان، پاش زیادکردنێکی بێدەنگ کە ماوەی 10 ڕۆژی خایاند، کارێکی بانسکی بە بڕی $106505 فرۆشرا و سەرجەم داهاتەکەش بۆ نەخۆشخانەی “Ohmatdyt”ی تایبەت بە منداڵان تەرخاندەکرێت لە ئۆکرانیا.

نەخۆشخانەی ناوبراو، یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی منداڵان لە وڵاتی ئۆکرانیا و لە ماوەی جەنگی ڕوسیادا ئەرکی چارەسەرکردنی زۆربەی بەرکەوتووەکانی جەنگ و منداڵانیشی لەئەستۆدابووە.

شارلۆت ستیوارت بەڕێوەبەری گشتیی پێگەی “MyArtBroker” لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەم هاوکارییە “لە چەند هەفتەی داهاتوودا کاریگەرییەکی مەزن دەخاتە سەر ژیانی ستاف، منداڵان و خێزانەکانیان” لە نەخۆشخانەکە.

بانکسی بۆ یەکەمین جار تابلۆی “CND Soldiers”ی لە ساڵی 2003دا وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە جەنگی عێراق، لەسەر دیوارێک نزیکی پەرلەمانی بەریتانیا کێشا و هەرایەکی گەورەی نایەوە.

پاش دوو ساڵ، تەنیا 700 کۆپی لەم کارە هونەرییە بڵاوکرانەوە و نیوەیان لەلایەن بانکسییەوە واژوو کرابوون، ئەو کارەش کە لە زیادکردنەکەدا فرۆشرا و داهاتەکەی بە نەخۆشخانە ئۆکرانییەکە بەخشرا، یەکێکە لەو 700 کۆپییە.

بانکسی ناوی خوازراوی هونەرمەندێکی بەریتانییە کە سەرباری ئەوەی لە ڕیزی ناوە هەرە بەناوبانگەکانی جیهاندایە، تا ئێستا ناسنامەی ڕاستەقینەی زانراو نییە.

کارە هونەرییەکانی بانکسی سەرجەمیان هەڵگری هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتین و زۆربەی جار وەک ڕەخنەی توند دژ بە سیاسەتی جیهانی سەیردەکرێن.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: پارێزگاری كەركوك سەپێندراوە و پۆستەكە وەردەگرینەوە

بابەتی دواتر

کارەساتی مۆندیال نرخی یاریزانانی ئیتاڵیای داڕماندووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share