نووسەری هاری پۆتەر بۆ پوتین: تۆ خەڵکی بێتاوان دەکوژیت

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا، وڵاتانی خۆرئاوای بە دژایەتیکردنی کەلتووری ڕوسی تاوانبارکرد و ڕایگەیاند، “هەوڵدەدەن کەلتوور بسڕنەوە”.

لە کۆبوونەوەیەکی پەخشکراودا لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیاری ڕوسیا، ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند، وڵاتانی خۆرئاوا “هەوڵی سڕینەوەی کەلتوورێک دەدەن تەمەنی 1000 ساڵی تەواوە” و ڕاگرتنی ئەو چالاکی و بۆنانەی وەک بەڵگە هێنایەوە، کە هونەرمەند و نووسەرانی ڕوسی تێیاندا بەشداربوون.

سەرۆکی ڕوسیا لەبارەی ئەو مامەڵەیەی خۆرئاواوە وتی، “ئەوان ئێستا سەرقاڵی کەلتووری سڕینەوەن، تەنانەت چایکۆڤێسکی و شۆستاکۆڤیچ و ڕۆشمانینۆڤ لەسەر پۆستەرەکان لادەبەن.. هەروەها هەوڵی سڕینەوەی کتێب و نووسەرانی ڕوسی دەدەن”.

وەک پەرچەکردارێک بۆ جەنگی ڕوسیا دژ بە ئۆکرانیا، لە ماوەی پێشوودا چەند بۆنە و چالاکییەک ڕاگیران کە چەند کەسایەتییەکی کەلتووریی پشتگیری جەنگی ڕوسیا تێیاندا بەشداربووبوون، هەروەها ئۆرکێسترای “کاردیف” کاری چایکۆڤێسکیی ئاوازدانەری بەناوبانگی لە بەرنامەکانی خۆی دەرکرد.

لەم بارەیەوە سەرۆکی ڕوسیا وتی، دوایین جار هەڵمەتێکی لەم جۆرە دژ بە هونەر و ئەدەب کرابێت، لە ساڵانی 1930ـیەكاندا بووە، کاتێک نازییەکان دەستیان دایە سووتاندنی کتێب.

لە درێژەی قسەکانیدا پوتین ئەو مامەڵەیەی خۆرئاوا لەگەڵ هونەرمەند و نووسەرە ڕوسییەکان کردوویانە، بەو مامەڵەیە بەراوردکرد کە خۆرئاوا دژ بە “جەی کەی ڕۆڵینگ”ی نووسەری زنجیرە ڕۆمانەکانی “هاری پۆتەر” هەیبووە.

لە ڕابردوودا “جەی کەی ڕۆڵینگ” ژنەنووسەری خاوەن زنجیرە ڕۆمانەکانی “هاری پۆتەر” دژایەتی کرا، لە بەرامبەر ئەوەی ڕەخنەی لەو خەڵکانە هەبوو کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن و پوتین لەم بارەیەوە وتی، “پێشتریش ڕۆڵینگی نووسەری ئەدەبی منداڵانیان سڕییەوە، چونکە ئەو بە دڵی ئەو خەڵکانە نەبوو کە کەیفیان بە ئازادییە سێکسییەکان دێت”.

دواتر لە وەڵامی ئەم وتانەی پوتین-دا جەی کەی ڕۆڵینگ هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، “ڕەخنەکردنی سیاسەتی سڕینەوەی کەلتووری لە خۆرئاوا، نابێت لەلایەن کەسێکەوە بکرێت کە خەڵکی بێتاوان دەکوژێت”.

بابەتی پێشتر

شانۆگەریی "دوا ڕۆژەکانی بابلۆ" دەستپێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

تاڵیبان گەشتی ئاسمانیی لە ژنان قەدەغەكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share