ئەستێرە سینەماییەکان و خەڵکانی بەناوبانگ بەردەوام پێویستیان بە زیادکردن و کەمکردنی کێشیانە، تاکو ڕۆڵێکی دیاریکراو بگێرن یاخود خۆیان بۆ نمایشەکانیان ئامادە بکەن و بە پێی پێگەی ” Eat this Not that”، چەند ڕێگەیەکی نهێنی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.
بەناوبانگ بیت یان نا، دابەزاندنی کێشی جەستە کارێکی مەحاڵ نییە و هەموو کەسێک دەتوانێت ئەنجامی بدات، دەتوانیت بە خێراییش ئەنجامی بدەیت و زیان بە تەندروستیشت نەگەیەنیت، بە مەرجێک پلانێکی تەندروستانەی خۆراک و وەرزشکردن پەیڕەو بکەیت.
ئەمانەی خوارەوە، باشترین ئەو ڕێگایانەن کە یارمەتیدەرن لە دابەزاندنی خێراتری کێشی جەستەدا.
خواردنی ڕووەکی
بەربڵاوترین ڕێگە وەلانانی شیرەمەنی و هێلکە و سەرجەم ئەو خۆراکانەیە کە ئاژەڵان سەرچاوەکانیانن.
خواردنەوەی بەردەوامی ئاو
بەپێی توێژینەوەکان، خواردنەوەی بەردەوامی ئاو دەکرێت توانای هەرسکردن و بەکارهێنانی ماددە خۆراکییەکان زیاد بکات و جەستەت لە ماددە ژەهراوییەکان پاکبکاتەوە.
بۆ کەسێکی ئاسایی، ڕۆژانە خواردنەوەی 8 پەرداخی گەورەی ئاو پێویستە.
ڕۆژووی زانستی (ڕۆژووی پچڕپچڕ)
ڕۆژووی زانستی واتە نەخواردنی هیچ خۆراکێک و وەرنەگرتنی هیچ کالۆرییەک جگە لە ئاو و چا و قاوەی بێشەکر لە ماوەیەکی دیاریکراوی ڕۆژەکەتدا و خواردن و خواردنەوەی ئاسایی لە چەند کاتژمێرێکی دیکەی دیاریکراودا. باوترین جۆری ئەم ڕۆژووە، ڕۆژووی 16+8ە، کە تێیدا 16 کاتژمێر لە ڕۆژووی زانستیدا دەبیت و تەنیا لەو 8 کاتژمێرەی تردا نان دەخۆیت.
مێشکت بە دابەزاندنی کێشەوە زۆر خەریک مەکە
پشپۆڕان بە باشتری دەزانن، تەنیا خۆت بە دابەزاندنی کێشەوە سەرقاڵ نەکەیت و زیاتر سەرنجت لەسەر سەرجەم لایەنەکانی دیکەی پرۆسەکە بێت، وەک ئاسودەبوون و خواردنی خۆراکی تەندروست و پەرەپێدانی چالاکییە ڕۆژانەکانت.
بە درێژایی ڕۆژەکە بجووڵێ
مەرج نییە ڕۆژیی چەند جارێک بچیتە هۆڵی لەشجوانی، تاکو کێشت بە خێرایی داببەزێت، بەڵکو دەتوانیت لەبری ئەوە بە درێژایی ڕۆژەکە چالاک بیت، واتە کاری خۆت بکەیت و پیاسە بکەیت و بۆ ماوەی درێژ ڕێبکەیت.
دۆزینەوەی هاوڕێیەک بۆ وەرزش
ڕەنگە بەردەوامبوون لە وەرزشکردندا بۆ هەندێک کەس کارێکی تاقەتپڕووکێن بێت، هاوڕێیەک کە بەشداری وەرزشکردنەکەت بێت و هاودەمییت بکات، سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ئەم کێشەیە.