داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێتەوە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بخاتە ‏بەرنامەی كارەوە

ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاكانی پەرلەمانی كوردستان داوای هەموارکردنەوەی ‏یاسای هەڵبژاردن دەکەن و لەوبارەیەوە واژوویان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان ‏كردووە، هەموارەكە شێوازی كۆتاكان و بازنەی هەڵبژاردنەكانی دیاریكردووە.‏

لە نووسراوێكدا كە واژووی زیاتر لە 30 پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی یەكێتی، گۆڕان، ‏یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەریی و نەوەی نوێی لەسەرە، داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان ‏دەكەن، پێشنیازەیاسای هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بخاتە ‏بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان.‏

هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردن چیە؟

پێشنیازەیاسای هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، جگە لە ‏پارتی و پێكهاتەكان، بەلای لایەنەكانی دیكەوە پەسەندە، چونكە باسی چارەنووسی كۆتاكان ‏و بازنەی هەڵبژاردن و چەند پرسێكی دیكە دەكات. ‏

یەكێك لەو ماددانەی پێشنیازەیاساكە داوای دەكات، ئەوەیە كە هەڵبژاردنی خولی شەشەم ‏بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، واتا هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت ‏‏(هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە).‏

هەروەها ئەو لایەنە سیاسییانە لە پێشنیازەیاساكەیاندا داوادەكەن، هاوشێوەی بەغداد، لە ‏هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، دەرفەت بە كەسانی دەرەوەی حزبە ‏سیاسییەكان بدرێت، وەكو “سەربەخۆ” خۆیان كاندید بكەن، مەرجی ئەوەشی دیاریكردووە ‏كە هەر كەسێك دەیەوێت بەشێوەی سەربەخۆ بەشداربێت، لیستێك بە واژووی هەزار ‏دەنگدەرەوە پێشكەشی كۆمسیۆن بكات وەكو پاڵپشتی بۆ كاندیدبوونی.‏

هەروەها بۆ كۆتاكانیش، كە یەكێكە لە خاڵە ناكۆكە سەرەكییەكانی لایەنەكان لەگەڵ پارتی، ‏بەوپێیەی پارتی بەپێی بەرژەوەندیی خۆی بەكاریاندەهێنێت، لە پێشنیازەیاساكەدا داوای ‏دەستكاریكردنی شێوازی هەڵبژاردنی كورسیی كۆتاكان كراوە، بەشێوەیەك هەر 11 ‏كورسییەكە بەسەر بازنەكاندا دابەشبكرێت، چونكە پێیانوایە كۆتاكان لەزۆربەی پرسە ‏سیاسییەكان پشتیوانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردووە. ‏

دەویسترێت دابەشكارییەكە بەمشێوەیە بێت :‏

پێكهاتەی مەسیحی پێنج كورسی، پێكهاتەی توركمان پێنج كورسی، بەشێوەیەك، 1 كورسی ‏بۆ هەولێر، 2 كورسی بۆ دهۆك، 2 كورسی بۆ سلێمانی، هەروەها بۆ پێكهاتەی ئەرمەن 1 ‏كورسی، كە بۆ دهۆك دەبێت.‏

لەبەرامبەر ئەو پێشنیازەیاسایەی لایەنەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەیە ‏پێش هەمواركردنەوەی یاساكە، پرسی كۆمسیۆن یەكلابكرێتەوە و پێشنیازەیاسایەی ئەو ‏لایەنە كوردستانییانەش ڕەتدەكاتەوە. ‏

چارەنووسی كۆمسیۆن چی بەسەر دێت؟

شیروان زرار ئەندامی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە ‏تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، ئەگەر تا 4/1 بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردنەكە ‏لانەبرێن، لەوانە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارانەكرێتەوە و یاسای هەڵبژاردنیش ‏هەموارنەكرێتەوە، قورسە بتوانن لە 10/1 هەڵبژاردنی پەرلەمان بەرێوەببەن.‏

كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن وتیشی، ستانداردێكی جیهانییە كە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن ‏نزیكەی شەشە مانگی پێویستە، بۆ ئەوەی هەڵژبژاردنێكی گونجاو بەڕێوەببرێت.‏

زرار نەیشاردەوە، كە ئەگەر تا 4/1 ئەو كارانە نەكرێن، (كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و ‏هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن)، كۆمسیۆن نووسراو بۆ سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی ‏كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان دەكات، ئەوكات ناتوانرێت لەكاتی ‏دیاریكراودا كە 10/1ــە هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببرێت.‏

بۆچی لایەنەكان ناگەنە ڕێككەوتن؟

لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان، ‏لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەروەها كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ‏ناكۆكن، هەندێكیان دەیانەوێت كۆمسیۆن كارابكرێتەوە و دواتر یاسای هەڵبژاردن ‏هەمواربكرێتەوە، زۆربەی لایەنەكاین دیكەش بە پێچەوانەوە.‏

ئەمە جگە لەوەی لەبارەی هەمواركردنەوەی یاساكە و بازنەكانی هەڵبژاردنیشەوە ‏بەهەمانشێوە ناكۆكی هەن.‏

ئەوەش لەكاتێكدایە، سەرۆكایەتیی هەرێم ڕۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی وەكو وادەی ‏هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، ئەو وادەی كە كۆمسیۆن ‏بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن داینابوو بەرەو كۆتایی دەچێت، هێشتا لایەنەكان لەسەر ‏هەڵبژاردنەكە نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن.‏

بابەتی پێشتر

"کریستیانۆ وەک مامی کوڕەکەم وایە"

بابەتی دواتر

چێوەی هەماهەنگی: هەڕەشە لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ "نائەخلاقی"یە‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share