چێوەی هەماهەنگی: هەڕەشە لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ “نائەخلاقی”یە‏

چێوەی هەماهەنگی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هەڕەشەکردن لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و هەوڵی بەرتیلپێدانیانی ئیدانەکرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا چێوەی هەماهەنگی ئەو “شێوازانەی تیرۆر و هەڕەشە” ڕەتدەکاتەوە و ئیدانەیان دەکات، کە وەك خۆی دەڵێت، ئەو “پێگە میدیاییانەی لایەنگیریی سیاسییان زانراو یان نەزانراوە” ئاراستەی ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیانەیان کردووە کە بەشداری دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممە نەبوون.

لایەنی ناوبراو ئەم شێوازانەی بە دژی ئازادیی ڕادەربڕین دانا و وەک لادان لە یاسای عێراقی لە قەڵەمیدان، کە ئەنجامدەرانیان بەپێی یاسای عێراقی “سزا دەدرێن”.

چێوەی هەماهەنگی جەختیکردەوە، ئەم “ڕێوشوێنە هەرزانانە ئاشکرابوون و کار لە ئیرادەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ ناکەن” و هەروەها “شێوازی تۆمەتهەڵبەستن بۆ هاونیشتیمانییانی ئازاد کە ملکەچی هیچ هەڕەشە و هەوڵی بەرتیلدانێک نابن، شێوازێکی نە شارستانی و نە ئەخلاقییشە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا چێوەی هەماهەنگی داوا لە حکومەت و دەزگاکانی ئاسایش دەكات پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بپارێزرێن.

بابەتی پێشتر

داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێتەوە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بخاتە ‏بەرنامەی كارەوە

بابەتی دواتر

شۆفێران لە هەولێر دژی نەمانی بەنزین گردبوونەوەیان ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share