دەستەی گشتی شوێنەوار ومیراتی عێراق زیاتر لە 150 هەزار پارچە شوێنەواری گێڕاوەتەوە کە لە دوای ساڵی 2003وە دزراون، دەستەکە جەختدەکاتەوە لە بەردەوامیی بەدواداچوونی شوێنەوارەکانی عێراق لەدەرەوەی وڵات بەمەبەستی گێڕانەوەیان.
دەستەی شوێنەوار و میراتی عێراق ڕایگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی دەرەوە و ناوخۆ ئەو پارچە شوێنەوارانەیان گێڕاوەتەوە و بەردەوامیشن لە هەوڵەکانیان بۆ گێڕانەوەی هەر شوێنەوارێک کە براوەتە دەرەوەی عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەستەکە چاودێری سەرجەم بازاڕەکانی فڕۆشتن و زیادکردنی پارچە و شوێنەوارەکان دەکات لەجیهاندا، لەکاتی بوونی هەر شوێنەوارێکیش لەهەر وڵاتێک ڕاستەوخۆ دەگێردرێتەوە بۆ مۆزەخانەی نیشتمانی.
بەپێی دەستەکە، لەکاتی دۆزینەوەی شوێنەوارێک لەدوای ناردنی وێنە و بەڵگە بۆ دڵنیابوونەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و پۆلیسی ئینتەرپوڵ دەگەڕێنرێتەوە.
ئاماژەبەوەشکراوە، کە لەناوخۆی عێراقیش پێنج گروپی بیانی بەدواداچوون بۆ شوێنەوارەکان دەکەن، گروپێکی ئەڵمانی لە موسڵ، هەروەها چەند گروپێکی ئەمریکی و بەریتانی، گروپێکی ئەڵمانی دیکەش لە بابل.