بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆوە بڕیارە لەمڕۆوە تا كۆتایی ئەم مانگە چەند شانۆییەك لە سلێمانی ئەنجامبدرێت.
27ی ئازار بە ڕۆژی جیهانیی شانۆ دیاریكراوە، بەو بۆنەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە چەند چالاكییەكی هونەری ئەو یادە دەكاتەوە.
چالاكییەكان ئێوارەی ئەمڕۆ دەستپێدەكات و تا 31ی ئازار بەردەوام دەبێت.
پرۆگرامی یادەكە كاتژمێر 04:00ی ئێوارە لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی دەستپێدەكات و تیایدا جگە لە خەڵاتكردنی سێ شانۆكار، شانۆیی (مردن لە چوار وەرزدا) پێشكەشدەكرێت.
سبەینێش شەوە ئاهەنگێك بۆ خێزانی شانۆكاران ئەنجامدەدرێت.
كاتژمێر 05:00ی ئێواری چوارشەممە 30ی ئازار شانۆیی (شەوێك لە پایز) لە دەرهێنانی (ئاشتی كەمال) لە هۆڵی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان پێشكەشدەكرێت.
دوا چالاكیش ئێوارەی پێنجشەممە 31ی ئازار لە هۆڵی پەیمانگای هونەرە جوانەكان دەبێت بە نمایشكردنی شانۆیی (هیچ نهێنییەك لەئارادا نییە) لە دەرهێنانی (دێرین حامید).
بەدەر لەو پرۆگرامە، هەر ئەمڕۆ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆوە، شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) لە هۆڵی تەوار لە سلێمانی دەستپێدەكاتەوە، كە پێشتر بەهۆی گرفتی هۆڵەوە ڕاگیرا.