بەرهەم ساڵح: بەردەوامبوونی دۆخی داخرانی سیاسی چیتر مایەی قبوڵكردن نییە

د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان كرد و دەڵێت، “بەردەوامبوونی دۆخی داخرانی سیاسی لەنێو ئەو ئاڵنگارییە گەورانەدا كە ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە چیتر مایەی قبوڵكردن نییە”.

لە پەیامەكەیدا كە كەمێك لەمەوبەر ناوەڕۆكەكەی بڵاوكرایەوە، د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، “نەبوونی لێكتێگەیشتنی نیشتمانی و ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆیاندا دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێیە. بەردەوامبوونی دۆخی داخرانی سیاسی لەنێو ئەو ئاڵنگارییە گەورانەدا كە ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە چیتر مایەی قبوڵكردن نییە”.

جەختیكردووەتەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە خوودی خۆی ئامانج نەبوو، بەڵكو ئامرازێك بوو بۆ چاكسازی و گەرەنتیكردنی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و باشكردنی دۆخی گشتیی وڵات و بەدەمەوەچوونی داواكارییەكانی خەڵك.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا سەرۆك كۆمار داوادەكات حكومەتێك پێكبهێنرێت كە بەتوانا و كارا بێت و بەرژەوەندییەكانی گەل بپارێزێت و سەروەری و سەربەخۆییەكەی بەهێزبكات، كاریشبكات بۆ بەدەمەوەچوونی داخوازییەكانی خەڵك.

بابەتی پێشتر

بێلسا دوای لیدز یونایتد قورسترین ئەرکی ڕاهێنان وەردەگرێت

بابەتی دواتر

هاتوچۆی هەولێر: گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە پێشانگەكانی جوانكاری نایاساییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share