کەسوکاری نەقیب محەمەد و هاوکارە بریندارەکانی چوونە ژێرباری هەر سوڵحێکی عەشایەری ڕەتدەکەنەوە

دوای تێپەڕینی زیاتر لە 100 رۆژ بەسەر ڕووداوی تەقەکردن لە ژمارەیەک پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لەناوچەی تانجەرۆی سلێمانی و شەهیدبوونی نەقیب محەمەد، خێزان و هاوکارەکانی ڕەتیدەکەنەوە سوڵحی عەشایەری بکەن و داوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان دەکەن.

لە مانگی کانونی یەکەمی 2021دا ژمارەیەک لە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی بەمەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک دەچنە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی، لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیاندا لەلایەن تۆمەتبارەکەوە تەقەیان لێکرا و لەئەنجامدا نەقیب محەمەد شەهیدکرا و چوار پۆلیسی دیکەش برینداربوون.

لە ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشدا کەسوکاری نەقیب محەمەد و هاوکارەکانی ڕایانگەیاندووە، تائێستا تاوانبارانی ئەو ڕووداوە دەستگیرنەکراون و بۆشیان ڕوون نییە کە چوونەتە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان یان تائێستا لەناوخۆدان.

سەرجەم ئەو دەنگۆیانەش ڕەتدەکەنەوە کە باس لەوەدەکرێت پەنا بۆ سوڵحی عەشایەری ببەن و دەڵێن ” و پێداگرین لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن و یاسا کاری خۆی بکات. ئێمە کە بۆ جێبەجێکردنی یاسا چووبووین، هەرگیز ناچینە سەر فەرشی هیچ سوڵحێکی عەشایەری”.

ئەو داواکارییانەی خێزان و هاوکارەکانی نەقیب محەمەد ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە:

1- ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێ لە پەنابردن بۆ سوڵحی عەشایەری بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەیسەکە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە راستییەوە. ئەم خوێنە رژاوە، ئەم بارە دەروونییە ناجێگیرەی کە ئێستا دەیگوزەرێنین لەگەڵ ئازاری ئەو فیشەکانەی بەجەستەمانەوەیە بەهیچ شێوەیەک قابیلی هیچ سوڵحێک نییە. ئێمە جەختدەکەینەوە و پێداگرین لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن و یاسا کاری خۆی بکات. ئێمە کە بۆ جێبەجێکردنی یاسا چووبووین، هەرگیز ناچینە سەر فەرشی هیچ سوڵحێکی عەشایەری.

 

2- تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە بەسەر دەستگیرنەکردنی تاوانبارەکانی ئەم کەیسە سەرباری بەڵێنەکان و هاتنە سەرخەتی خوودی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێی پرسیارە بەلای ئێمەشەوە. وێڕای سوپاس و رێزمان بۆ برادەرانی پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان کە بەچەندان شێوە هاوخەمی و دڵسۆزی خۆیان بۆ دووپات کردوینەتەوە. بەڵام ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئێمە پێویستە وەک روداوێکی گەورەتر سەیر بکرێ بەلەبەرچاوگرنتی پلە سەربازییەکەمان و ئەو راستییەش کەئێمە لەجێبەجێکردنی ئەرکدا هێرشمان کراوەتە سەر.

 

3- ئەوانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناویان دەهێنرێ و دەوترێ دەستیان هەبووە لە داڵدەدان یاخود رەوانەکردنی تاوانبارەکان بۆ دەرەوەی هەرێم، پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێ. هاوکات ئەگەر دەنگۆی راکردنیان بۆ دەرەوەی هەرێم راستە، ئەوا داوادەکەین بە فەرمی بۆ هەموان و رای گشتی روونبکرێتەوە کە تاوانبارەکان چۆن توانیویانە دەربازی دەرەوەی هەرێم بن.

 

4- ئێمە وەک بریندارەکان هێشتا لە چاوەڕوانی بەڵێنەکانداین بەمەبەستی بردنە دەرەوەمان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە هێشتا هیچکام لەو بەڵێنانە جێبەجێنەکراون. هەربۆیە بەپێویستی دەزانین جارێکی دیکە وەبیری هەمووانی بهێنینەوە کە ئەوەی ئێمە دەچێژین لە ئازاری جەستەیی و دەروونیی، پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی خێرا هەیە.

 

5- بەڵێنەکان بۆ چارەسەرکردنمان و پێدانی هەر ئیمتیازێکی دیکەی یاسایی، مافێکی دەستەبەرکراوی خۆمانەو بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە کە بخرێتە بری بێدەنگبوون و چاوپۆشیکردنمان لە دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەم کەیسە.

بابەتی پێشتر

بلینکن سەردانەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەستپێکرد

بابەتی دواتر

داهاتی نەوتی مانگی ڕابردووی عێراق نزیکەی نۆ ملیار دۆلار بووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهۆی “بەلاڕێدابردنەوە” خوێندكارانی ناڕازی لە سلێمانی خۆپیشاندانەكانیان ڕاگرت

خوێندكارانی ناڕازی لە سلێمانی خۆپیشاندانەكانیان ڕاگرت، دانبەوەدا دەنێن خۆپیشاندانەكە بەلاڕێدابرا و ئامانجی ڕاستەقینەی خوێندكاران ونكرا. لە ڕاگەیەندراوێكی خوێندكارە…
Total
0
Share