ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، “ئەو سیاسەتەی ئێستا پارتی پەیڕەوی دەكات خۆیان لێی زەرەمەند دەبن و هاوشێوەی ڕیفراندۆم ئەنجامی خراپی سیاسەتەكانیان بەخێرایی وەردەگرنەوە. دەشڵێت، پارتی سیاسەتكردن لەسەر بنەمای عینادی و تۆڵەكردنەوە دەكات”.
بێستون سابوراوایی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە سیاسەتدا پرەنسیپێك هەیە كە فەنی مومكینە، بەڵام هەندێك بنەمای گرنگ پەیوەندییان بە ئەخلاقییاتی سیاسییەوە هەیە كە ڕاستگۆییبوونە، ئەگەر لایەنێك كاری پێنەكات پێش هەموو كەس خۆی زەرەرمەند دەبێت”.
ئاماژەی بەوە كرد، “پارتی لە هەنگاوەكانیدا خوێندنەوەی بۆ هەلومەرجی ئێستای عێراق و ناوچەكە نەكردووە و هەڵەیەكی سیاسییە و تێیكەوتوون هاوشێوەی كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كە ئەنجامی خراپی هەبوو، هاوپەیمانێتییەكەی پارتی بەهەمان شێوەیە و بەخێرایی ئەنجامی خراپی وەردەگرنەوە”.
ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی باسی لەوە كرد، “پارتی سیاسەتكردن لەسەر بنەمای عینادی و تۆڵەكردنەوە دەكات و لەنێو كۆمەڵگەدا هەمان سیاسەت بەرامبەر تاكەكان پەیڕەودەكات و تۆڵەی خۆی دەكاتەوە”.