مالكی: كۆكردنەوەی 220 پەرلەمانتار ئەستەمە

موقتەدا سەدر و نوری مالكی

سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، هاوپەیمانیی سێقۆڵی ناتوانێت 220 پەرلەمانتار لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆبكاتەوە.

نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، ئەستەمە لایەنی بەرامبەر بتوانێت 220 پەرلەمانتار لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆبكاتەوە.

مالكی لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتیشی، “ئەگەر دانیشتنی شەممە ئەنجامنەدرێت، هاوپەیمانیی سێقۆڵی ناچاردەبێت بە ئەنجامدانی وتووێژ بۆ لێكتێگەیشتن لەگەڵ چێوەی هەماهەنگی”.

بڕیارە 26ی ئەم مانگە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت و ‏تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. هاوپەیمانیی سەدر، ‏پارتی و سوننەكان هەوڵی تەواوكردنی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە ‏دەدەن بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان.‏

مالكی، چێوەی هەماهەنگی بە “گەورەترین فراكسیۆن” ناوبرد و وتی، لەگەڵ ئەوەشدا “چێوەی هەماهەنگی هەنگاو بۆ پێكهێنانی حكومەت بەبێ لایەنەكەی دیكە نانێت” وەك ئاماژەیەك بۆ ڕەوتی سەدر.

وتەكانی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەكاتێكدایە ئەمڕۆ پارتی، سەدر و سوننەكان هاوپەیمانییەكەیان بەناوی “ڕزگاریی نیشتمان” ڕاگەیاند.

پێشتر موسەننا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی ‏یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ‏تاوەكو ئێستا بەپێی زمانی ژمارەكان، ڕێژەی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی ‏ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو دوو لەسەر سێیەی كە پێویستە بۆ دانیشتنەكە، كۆنەكراوەتەوە. ‏

پەرلەمانتارە كوردەكە بەدووری نازانێت، ئەگەر گۆڕانكاریی نوێ لە هاوپەیمانێتییەكان ‏دروستنەبێت، دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چەند ڕۆژێكی دیكە ‏دوابخرێت، ئەمە جگە لەوەی هەندێك پێشهات هەن كە لەسەر كاندیدەكان هێشتا ‏یەكلانەبووەتەوە و بۆیە دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵیی عێراق ئەو پرسە زیاتر ڕوون ‏دەبێتەوە. ‏

لەبارەی هەوڵەكەی سەدر بۆ ئەوەی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەكە بە سەربەخۆكان ‏تەواوبكات، موسەننا ئەمین پێیوایە، سەربەخۆكان هەموویان یەك بۆچوونیان نیە و ‏دابەشبوون، تەنانەت ئەگەر هەمووشیان یەك بۆچوونیان هەبێت، ڕێژەی یاسایی ئەندامانی ‏ئامادەبووی دانیشتنەكە تەواوناكرێت.‏

بابەتی پێشتر

ئۆلبرایت كۆچی دواییكرد

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئۆلبرایت هەمیشە لە بیرەوەریماندا زیندووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share