هۆلۆکۆست.. ڕاگرتنی ئەو کتێبەی دەیگوت خوودی جووەکان ئان فرانکیان بەگرتداوە

دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی هۆڵەندی، کتێبێکی خۆی ڕاگرت و لە کتێبخانەکاندا کۆیکردەوە، کە بانگەشەی ئاشکراکردنی ئەو کەسەی دەکرد ئان فرانک و خێزانەکەیی بەگرتدابوو.

ئان فرانک کچێکی گەنجی ئەڵمانیی جوو بووە و بە بەناوبانگترین قوربانیی هۆلۆکۆست دادەنرێت و کتێبی یادەوەرییەکانی بەناونیشانی “ڕۆژژمێری کیژۆڵەیەک”، بە یەکێک لە بەناوبانگترین یاداشتەکانی جیهان دادەنرێت. فرانک لە ماوەی دوو ساڵی خۆحەشاردانی لە نازییەکان ئەو کتێبەی نووسیوە، بەر لەوەی ساڵی 1945 لە گرتووخانەیەکی نازییەکاندا گیانبسپێرێت.

دەزگای “ئامبۆ/ئانتۆس”ی هۆڵەندی پاش ئەوەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبی “خیانەتکردن لە ئان فرانک: بەدواداچوونێکی کەیسە ساردەكە”وە ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە بووەوە، بڕیاریدا پرۆسەی بڵاوکردنەوەکە ڕابگرێت و لە کتێبفرۆشییەکاندا بیکشێنێتەوە.

بەپێی ئەو کتێبە، لە جەنگی جیهانیی دووەمدا دادنووسێکی جوو بە ناوی “ئارنۆڵد ڤان دێن بێرگ”ەوە ئان فرانک و خێزانەکەیی بەگرتداوە و بووەتە هۆکاری ئەو کارەساتەی بەسەریاندا هاتووە.

ڕاپۆرتێکی نوێ کە چەندین پسپۆڕ و مێژووناسی جەنگی جیهانیی دووەم تیایدا بەشداربوون، دەریخستووە كە کتێبەکە وردبینیی مێژوویی تیادا نییە و بەرگەی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە ناگرێت.

بەم هۆیەوە، کۆنگرێسی ئەوروپیی جوولەکە داوای لە دەزگای “هارپەر کۆلینس”یش کردووە چاپە ئینگلیزییەکەی ئەو کتێبە بکشێنێتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەو کارە کتێبی یادەوەرییەکانی ئان فرانک و شکۆی ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست دەشێوێنێت.

لە وەڵامی ئەم ڕەخنانەدا دەزگای “ئامبۆ/ئانتۆس” داوای لێبوردنی کردووە و بڕیاریداوە کتێبەکە ڕابگرێت.

کتێبی “ڕۆژژمێری کیژۆڵەیەک” کە یادەوەرییەکانی ئەو دوو ساڵەی ئان فرانک و بەسەرهاتەکەیەتی، وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی هەرە زۆری زمانەکانی جیهان و لە جێیەکیدا فرانک دەنووسێت: “مردووەکان لە زیندووەکان زیاتر گوڵیان بۆ دەبرێت، چونکە هەستی پەشیمانی بەهێزترە لە پێزانین”.

 

بابەتی پێشتر

فەرمانی دەستگیركردن بۆ عەبدوڵای كوێخا موبارەك و شەش كەسی دیكە دەرچوو

بابەتی دواتر

"یوێفا" یاسای یاریی خاوێن هەڵدەوشێنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share