قەرەجەکان کێن و بنەڕەتیان چییە؟

لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان، قەرەجەکان هەن، بەڵام تەنها ئەوەیان لەبارەوە دەزانین کە گەڕۆکن و کاری تایبەت بە خۆیان هەیە.

لەم ڕاپۆرتەدا دەریدەخەین قەرەجەکان کێن و بنەڕەتیان چییە، ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان چۆنە و دابەشبوونیان بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە چ شێوازێکە.

قەرەجەکان کێن؟

قەرەجەکان خەڵکانێکی گەڕۆک و بێنیشتمانن، بە هەموو کیشوەرەکانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دابونەریتی تایبەت بە خۆیان هێشتووەتەوە و پشت بە کۆمەڵێک شت دەبەستن بۆ بژێویان، ئەوانیش بازرگانیکردن، بەختگرتنەوە، مۆسیقاژەنین، دەرۆزەکردن و پیشەی سادە.

بنەڕەتی قەرەج چییە؟

هەندێک پێیان وایە کە قەرەجەکان لە مەجەر یان ڕۆمانیاوە سەریانهەڵداوە، هەندێک توێژەری دیکەش دەڵێن کە بنەڕەتەکەیان بۆ کۆمەڵەیەکی سەربازیی هەمەچەشن دەگەڕێتەوە، کە لە چەند سەدەی ڕابردوودا، موسڵمانانیان لە ناوچەی پونجابی باکووری هندستان کوشتوبڕدەکرد. دواتر کشاونەتە ناو ئێران و ئەرمینیا، لەوێشەوە چوونەتە نیمچەدوورگەی بەڵکان و وشەی سڕبی و ڕۆمانی تێکەڵی زمانەکەیان بووە.

قەرەجەکان بەسەر چەندین گرووپ و کۆمەڵەدا دابەشبوون و بە شێوەیەک لە ئەورووپا و باکووری ئەفریقادا بڵابوونەتەوە، لە سەرەتاوە پێشوازی لە کۆچکردنیان نەکرا و بەهۆی جیاوازیی زمان و جلوبەرگیان ڕووبەڕووی لێدان و بێزارکردن دەبوونەوە، هەر بۆیە گەڕۆکی و کۆچەریبوونیان هەڵبژارد.

ژیانی کۆمەڵایەتیی قەرەجەکان چۆنە؟

قەرەجەکان زۆر توندن لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵەکانیان، بە شێوەیەک کە ڕازینابن منداڵەکانیان فێری زمانی بیانی بکەن و لە ناو کۆمەڵگەی قەرەجیدا دەیانهێڵنەوە و ڕێگەنادەن پەیوەندی لەگەڵ ناقەرەجدا ببەستن. منداڵەکانیان تەنها لەلایەن قەرەجەکان خۆیانەوە چاودێری دەکرێن و ڕێگا بە شێوازێکی ژیانی جیاواز لە قەرەج نادرێت، منداڵی قەرەج تاوەکو تەمەنی 10 بۆ 11 ساڵی دەدرێتە بەر خوێندن و لە قوتابخانەکان دەردەهێنرێن.

ژن لە کۆمەڵگەی قەرەجدا ڕێز و پێگەیەکی گەورەی هەیە، چونکە دەتوانێت کاری بەختگرتنەوە بکات و پارەیەکی زۆری دەستبکەوێت، بەوپێیەی سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی خێزانە و کاری پیاویش سەرچاوەیەکی دارایی دووەمییە.

قەرەجەکان باوەڕیان وایە کە خێزان یەکەیەکی ئابوورییە و نەوەکانیان لە تەمەنی هەرزەکاریدا لە یەک دەخوازن، دایک و باوکەکانیش ئەم هاوسەرگیرییانە ڕێکدەخەن. تاوەکو خستنەوەی یەکەم و دووەم منداڵ، دوو هاوسەرەکە لە ماڵی باوکی مێردەکە دەمێننەوە.

بژێوی ژیانی قەرەجەکان لەسەر چ کار و پیشەیەک بەندە؟

بەهۆی ڕاگواستنیانەوە، قەرەجەکان هەوڵیان دەدا کارێک بدۆزنەوە کە لەگەڵ شێوازی ژیانیاندا بگونجێت، وەک کاری کانزاگەری و و دارتاشی و داربڕینەوە و بازرگانیکردن بە ئەسپەوە. بەپێی گرووپە نەژادییەکانیانەوە، پیشەکانیان جیاواز بووە، بۆ نموونە قەرەجەکانی ڕۆمانیا ئاژەڵانیان ڕاهێناوە و کاری سێرکیان کردووە، بەڵام قەرەجی هەندێک ناوچەی دیکە پشتیان بە بەختگرتنەوە بەستووە.

بەگشتی، قەرەجەکان لە سەرتاسەری جیهان بە سەماکردن و گۆرانیوتن و مۆسیقاژەنین ناوبانگیان دەرکردووە، هەر ئەوانیش بوون لە ئیسپانیا سەمای فلامینگۆیان داهێنا، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا، قەرەجەکان لە کانزاگەری و مسگەرییەوە کارەکانیان بۆ ئیشی خشڵ و کاتژمێر گۆڕا، بازرگانیکردن بە ئەسپیش گۆڕا بە بازرگانیکردن بە ئۆتۆمبێل و چاککردنەوەی.

دابەشبوونی قەرەجەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چۆنە؟

ژمارەی قەرەجەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە دوو ملیۆن و 563 هەزار کەس و ناوی دۆمیان لێناون، بەسەر چەند گرووپێکدا دابەشبوون و لە ناوچەکانی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا دەژین، واتە لە نێوان ئێران و میسر و فەڵەستین و ئوردن و عێراق و سووریا، تەنانەت پاکستان و ئۆزبەکستانیش.

گرووپەکانیش بریتین لە نەور، غەربەتی، مەهتار، لەولی، حەلەب، زەت، کەراتشی، تەشووریی والی، یورک، مەزنووق و بەراکی.

بابەتی پێشتر

مێردمنداڵە ئەشکەنجەدراوەکەی بەغداد بەسەرهاتی دەستگیرکردنی دەگێڕێتەوە

بابەتی دواتر

فەیسبوك ڕێگە بە كارمەندانی دەدات تا تەمموزی 2021 لە ماڵەوە كار بكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share