سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەپێی دەسەڵاتەكانيان دوای پشووەكانی جەژنی نەورۆز ڕێوشوێنە كارگێری و ئیدارییەكان دەگرنەبەر بۆ چارەسەركردنی مووچەی خانەنشینان، دەڵێت” ئەگەر داهاتی كارەبای سلێمانی بۆ مووچە تەرخانبكرایە كێشەكەی چارەسەردەكرد”.
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەپێی یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2009ی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتدراوە بە ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆكی ئەنجومەن بۆ ڕێكخستنی كاروباری كارگێری و ئیداری لە سنووری پارێزگاكە و دەسەڵاتی چاودێریكردنی ئەركەكانی هەیە.
“2021 هەموو مانگێك زیاتر لە 73 ملیار دینار داهات گەڕاوەتەوە بۆ حكومەت”
ئاماژەی بەوەكرد، “لە 11 مانگی ساڵی 2021دا هەموو مانگێك زیاتر لە 73 ملیار دینار داهاتی سلێمانی بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانكراوە و ئێمە نابینە بەشێك لە كێشەكان، بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم كێشەكان چارەسەربكات ئەگەر یەك ئیدارەییە بەم شێوەی ئێستا نابێت”.
“لە بارەی داهاتی سلێمانییەوە”
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانيی باسی لەوەكرد، ” 23 ملیار دینار داهاتی كارەبای سلێمانی بووە و دراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران و كۆمپانیاكە 78 ملیار دیناری بە چەك داوەتەوە حكومەتی هەرێم و ئەگەر ئەو پارەیە بە كاش لە بانكەكاندا هەبووایە كێشەی مووچەی چارەسەردەكرد”.
“چارەسەری مووچەی خانەنشینان”
ئازاد محەمەد، ئاماژەی بەوەكرد، ” دوای پشووەكانی جەژنی نەورۆز بەپێی دەسەڵاتەكانمان هەنگاوەكان بۆ ڕێكخستنی مووچەی خانەنشینان دەستپێدەكەین و ئەو بەرپرسانەی پەیوەندیدارن بە پرسی مووچەوە بە دواداچوونیان لەگەڵ دەكەین هەر بڕیارێك كە ئەنجومەنی پارێزگا دەریبكات دەبێت پارێزگار پابەندبێت و جێبەجێبكات”.
“لامەركەزییەت و پرۆژەی یەكێتی”
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەكرد “پێشتر یەكێتیی پرۆژەی پێشكەشی حكومەت كردووە لە بارەی جێبەجێكردنی لامەركەزییەوە و ئێمە چەند جارێك ئەو بابەتەمان لەگەڵ حكومەت تاوتوێكردووە و هەموو جارێك بە چەند خاڵێك وەڵامی پێشنیازەكەمان دراوەتەوە و كاری پێنەكراوە”.