فشاری حكومەتی عێراق بۆ داخستنی كامپەكانی خانەقین و گەرمیان بەردەوامە

لە سنووری خانەقین كامپێكی ئاوارەكان بە تەواوی داخرا و هەوڵەكان بۆ داخستنی دوایین كامپی شارەكەش چڕكراوەتەوە، گەرمیانیش ڕەتی دەكاتەوە كامپەكانی سنوورەكە چۆڵ بكات و ئاوارەكان بەزۆر بنێرێتەوە ناوچەكانی خۆیان.

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە دەستپێكی زستان، بارودۆخی ژیانی ئاوارەكانی نێو كامپەكان قورس دەبێت، بەڵام بەشێك لە ئاوارەكانی گەرمیان و خانەقین ئەو ژیانەیان قبوڵكردووە و دەڵێن، “بەهۆی بوونی شەڕەوە ناتوانن بچنەوە زێدی خۆیان”.

“ئەڵوەندی دوو داخرا و ئەڵوەندی یەكیش لە داخستندایە”

عەلی غازی ئاغا، بەڕێوبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی خانەقین لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە سنوورەكەماندا هێشتا ئاوارە ماون، لە 11ی ئەم مانگەدا كامپی ئەڵوەندی دوو داخرا، لە كامپی ئەڵوەندی یەكیشدا هێشتا 356 خێزان ماون كە 50%یان خەڵكی شارەبانن و ئەوانی دیكەی خەڵكی سەعدیە و جەلەولان”.

بەڕێوبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی خانەقین ئەوەشی ئاشكراكرد، “سەرەتا كامپی ئەڵوەندی دوو 515 خێزانی تێدابوو، بەڵام لەكاتی داخستنیدا 160 خێزانی تێدامابوو، لە سنووری خانەقین بە گشتی لەنێو كامپ و دەرەوەی كامپ نزیكەی 8 هەزار خێزانی ئاوارە ماون”.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق خواستی هەیە كە كۆتایی بە كەیسی ئاوارەكان بهێنێت و سەرجەم كامپەكانی عێراق چۆڵبكات، بۆ ئەوەی دابخرێن.

عەلی غازی ئەوەی خستەڕوو، “هەندێك كێشەی ئاوارەكانی شارەبان ماون كە چارەسەر بوون كامپی ئەڵوەندی یەكیش دادەخرێت، بەڵام دەمانەوێت بە خۆبەخشانە ئاوارەكان بگەڕێندرێنەوە و بەزۆر كەس نانێرینەوە”.

سەبارەت بە چارەنووسی كامپە چۆڵەكان، ئەو بەرپرسەی كۆچ لە خانەقین وتیشی، “كامپەكان ڕادەستی پارێزگاكان كراون و ئەوان دەزانن پاش چۆڵبوونیان چییان لێ دەكەن”.

“فشاری حكومەتی عێراق قبوڵ ناكەین و هیچ ئاوارەیەك بەزۆر ناگەڕێنینەوە”

لەبارەی ئاوارەكانی سنووری گەرمیان و پرسی گەڕاندنەوەیان، بێستون ژاڵەیی، بەڕێوبەری نوسینگەی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکانی ئیدارەی گەرمیان لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “دوو كامپ لە گەرمیان هەن، لە یەكێكیاندا 135 خێزان هەن و لە دووەمیشیاندا 230 خێزنی تێدایە، ئێمە سیاسەتێكی ڕوونمان هەیە كە بە یوئێن و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیشمان وتووە كە كەس بە زۆر نانێرینەوە”.

بێستون ژاڵەیی ئەوەشی ئاشكراكرد، “كامپی ئاوارەكان لە قۆرەتوو، دەستی ڕێكخراوەكانی لێبڕاوە و تەنانەت بنكە تەندروستییەكەشی داخراوە، بەڵام دانیشتووانەكەی ڕازین بەوەی لەوێ بمێننەوە و دەڵێن، لەناوچەكانی خۆیان شەڕی تائیفی هەیە و مەترسییەكان هەن و ناڕۆنەوە”.

سەبارەت بە فشارەكانی حكومەتی عێراق لەسەریان بۆ چۆڵكردنی كامپەكان، بەڕێوبەری نوسینگەی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکانی ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوەكرد، “فشار قبوڵ ناكەین، تەنانەت دوو بۆ سێ جار وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هاتوون و داوایان كردووە كامپەكان چۆڵبكەین بەڵام ئێمە وتومانە ئاوارەكان تا ئەو كاتەی بیانەوێت دەمێننەوە، پێمانوایە كەسێك بە ئاوارەیی ڕازی نابێت ئەگەر بارودۆخی زێدی خۆی گونجاوبێت”.

“هەر خێزانێك بگەڕێتەوە ناوچەكەی خۆی قەرەبوو دەكرێتەوە”

لەبارەی بڕی ئەو قەرەبووەی حكومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان دابینی كردووە، عەلی غازی ڕایگەیاند، “یەك ملیۆن و 500 هەزار دیناری عێراقی دانراوە وەك قەرەبوو بۆ ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، بەڵام پرۆسەكە بە باشی ناڕوات، لەكۆی 29 هەزار خێزان لە سنووری خانەقین، 20 هەزاریان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان بەڵام لەو ژمارەیە تەنها 4 هەزاریان قەرەبوو كراونەتەوە”.

ئەو بەرپرسەی خانەقین ئاماژە بەوەشدەكات، “وەزارەتی دارایی عێراق لەڕووی دابینكردنی پارە بۆ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق زۆر خاوە و پارەیەكی كەم تەرخان دەكات”.

زستان و بارودۆخی ئاوارەكان

سەبارەت بە هاتنی زستان و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ ئاوارەكان، عەلی غازی ئاماژەی بەوەكرد، “ئێمە ئەوەی پێویستیی بێت دابینمان كردووە بۆ ئاوارەكانی نێو كامپەكان، مەوادیشمان دابەشكردووە بەسەریاندا و ناهێڵین كەموكورتییان هەبێت”.

بێستون ژاڵەیش لەسەر هەمان پرس وتی، “ئەمان لەسەر ژیانی ئاوارەیی لێرە ڕاهاتوون، كاسبی دەكەن و لە مەرزەكاندا كار دەكەن و جوتیاری و كرێكاری دەكەن، ئێمەش ڕێمان داون بۆ ئەو مەبەستە، ئەوەشی پێداویستیی ژیان بێت لێرە بۆمان دابینكردوون، دابەشكردنی نەوتیش لە وەرزی زستاندا ئەركی كۆچ و كۆچبەران و نەوتی عێراقە، ئیتر نازانم ئەمساڵ بۆیان دابین دەكەن یان نا”.

حكومەتی عێراق دەیەوێت كۆتایی بە پرسی ئاوارەكان بهێنێت

لە 14ی تشرینی دووەم، حکومەتی خۆجێیی ئەنبار ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی 30 ھەزار خێزانی ئاوارە لە کامپی حەبانییە لە ئەنبار گەڕانەوە زێدی خۆیان، ئەو کامپە داخراوە.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە تا ساڵی داھاتوو کامپی فەلوجە-عامرییەش دادەخرێت.

لەلایەکی دیکەوە هەمان ڕۆژ عەمار سەباح، بەڕێوبەری نوسینگەی كەركوكی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سەرجەم ئاوارەکانی نێو کامپی یەحیاوا لە ناحیەی لەیلان-ی سەر بە پارێزگای کەرکوک گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان، کە ژمارەیان 340 خێزان بوو، ئەو کامپە بەیەکجاری داخرا.

عەمار سەباح، ئاماژەی بەوەشكردووە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو کامپی لەیلان یەک کە ھەزار و 600 خێزانی ئاوارەی قەزای حەویجە و پارێزگای سەڵاحەدینی تیادا نیشتەجیە، دابخرێت، ئەوەش دوا کامپی ئاوارەکان دەبێت کە لە سنووری پارێزگای کەرکوک دادەخرێت.

حكومەتەكەی كازمی مەلەفی گەڕانەوەی ئاوارەكانی وەك كاری لەپێشینەی خۆی داناوە و دەیەوێت تا كۆتایی ئەمساڵ بەشێكی زۆری كامپەكانی ئاوارە ناوخۆییەكانی وڵاتەكە دابخات، لە كۆتایی مانگی ڕابردووشدا نەتەوەیەكگرتووەكان ڕایگەیاند، پشتیوانی لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كامپەكان دەكات لە عێراق.

ئاماری ئاوارەكان لە هەرێم و عێراق

لەپاش سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و داگیركردنی چەند ناوچەیەك، بەگوێرەی ئامارێكی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە عێراقدا نزیكەی یەك ملیۆن و 900 هەزار كەس لەناوخۆدا ئاوارە بوون و ژمارەیەكی زۆریشیان ڕوویان لە هەرێم كرد.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا كە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەستیكەوتوون، نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان هەن كە لەو ژمارەیە نزیكەی 750 هەزاریان ئاوارەی ناوخۆن و لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، نزیكەی 250 هەزاریشیان ئەو ئاوارانەن كە لە ڕۆژئاوای كوردستان و سوریاوە هاتوونەتە هەرێم، جگە لە 8 هەزار ئاوارەی توركیا و زیاتر لە 10 هەزار پەنابەری ئێرانی.

هەرچەندە ئامارێكی ورد و فەرمی لەبارەی ژمارەی ئاوارەكان لە سەرتاسەری عێراق بوونی نییە، بەڵام كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی پێشبینی كردووە كە نزیكەی 100 هەزار خێزان هێشتا لە كامپەكانی عێراقدا مابن و لە دەرەوەی شارەكانی خۆیان ژیان بەسەر دەبەن.

بابەتی پێشتر

دوایین زانیاری لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد

بابەتی دواتر

چەند بڕیارێك لە ژووری ئۆپراسیۆنی هەولێرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شارەزایەکی ڕووسی ئامانجی تورکیا لە کردنەوەی بارەگایەکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ قەتەر ئاشکرادەکات

وەزیری بەرگریی قەتەر، خالد بن محەممەد عەتییە و وەزیری بەرگریی تورکیا خولووسی ئاکار، بارەگایەکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە بنکەی…
Total
0
Share