نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێم بەرزبووەوە

نەوت لە بۆڕسەی جیهانیدا بۆ سەروو 61 دۆلار بەرزبووەتەوە

هەر لیترێك بەنزین لە هەرێم 100 دینار زیادیكردووە، بازرگانانی بوارەكە هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بۆڕسەی جیهانی و زیادبوونی نرخی دۆلار و هۆكاری دیكە دەگەڕێننەوە و چاودێری بازرگانیش ئاگاداری بازاڕە و دەڵێت، چاودێری دەكەین و سەرپێچیكاران سزا دەدەین.

لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا هەر لیترێك بەنزین لە بەنزیخانەكانی هەرێم 50 دیناری چووە سەر و، لە دوێنێشەوە 50 دیناری دیكە زیادیكردووە، بەمەش لە زۆرینەی بەنزیخانەكان هەر لیترێك بەنزیمی نۆرماڵ بە 600 دینار و موحەسەن 650 و بەنزینی سوپەریش بە 700 دینار دەفرۆشرێت.

بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكان لە سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی شوبات لەبارەی هۆكارەكەی بە تۆڕی میدیای ئێستای وت، “بەنزین بە دینار دەفرۆشین و بە دۆلار دەكڕدرێت، جگە لەوەی لەسەر ئاستی جیهانیش نەوت لە بۆرسەدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە”.

بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین هۆكاری دیكەشی هەیە، بەهمەن شێخ قادر وتی، “پێشتر ئەوكاتەی ئێران ئاستەنگەكانی لەگەڵ ئەمریكا زیاتر بوو، لە ئێرانەوە سوتەمەنی زۆرتر دەهات، چونكە وڵاتەكە دەرچەی هەناردەی بۆ وڵاتانی دیكە كەم بوو، بەڵام ئێستا ئاسانكارییەكی بۆ كراوە و سوتەمەنی زیاتر ڕەوانەی وڵاتانی دیكە دەكات”.

وتەبێژی بەنزیخانەكان ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای بوونی بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام ڕێژەی 70% تا 80%ی بەنزین لە دەرەوە دەهێنرێت و بە دۆلار دەكڕدرێت.

زیادبوونەكە وا پێدەچێت بە ئاگاداری لایەنی حكومی بێت، ژووری چاودێری بازرگانی ئاگاداری زیادبوونەكەیە، ئاماژە بەوەشدەكات كە چاودێری دەكەن و لەو نرخە زیاتر بكرێت پسوڵەی سەرپێچی دەكەن.

سۆران عەبدلغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە ئێستای وت، بەر لە دوو هەفتە هەر لیترێك بەنزین 50 دینار زیادیكردووە و لە دوێنێشەوە 50 دیناری دیكەی چووەتەسەر.

هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە نەوت لە بۆڕسەی جیهانیدا بۆ سەروو 61 دۆلار بەرزبووەتەوە و ئەگەری زیاتر بەرزبوونەوەشی هەیە، كە ئەمەش كاریگەری دەكات لەسەر نرخی بەنزین.

سۆران عەبدولغەفور باسیشی لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كرد كە هۆكارێكی دیكەی گرانبوونەكەیە، و وتی، “ئەو نرخەی دادەنرێت بە هەماهەنگییە، ئێمەش چاودێری بازاڕ دەكەین و لە شوێنێك ئەگەر بە زیاتری بدات پسوڵەی سەرپێچی بۆ دەكەین”.

هاوكات ڕێبوار عەبدولڕەحیم، ئەندامانی لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتیه‌كان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، وەك لیژنەكەیان بەدواداچوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە بەنزیخانەكانی هەرێمدا دەكەن.

وتیشی، “دوای بەدواداچوون ئەوەی لە ئەستۆی لیژنەكەماندا بێت كاری پێویست دەكەین و هۆكارەكانی ڕادەگەیەنین”.

بابەتی پێشتر

دانە گاز: ساڵی ڕابردوو کارەکانمان لە هەرێمی کوردستان 32 ملیۆن دۆلار قازانجی زیادکردووە

بابەتی دواتر

شاندێكی ڤاتیكان گەیشتە نەجەف

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share