شارەزایەکی ڕووسی ئامانجی تورکیا لە کردنەوەی بارەگایەکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ قەتەر ئاشکرادەکات

وەزیری بەرگریی قەتەر، خالد بن محەممەد عەتییە و وەزیری بەرگریی تورکیا خولووسی ئاکار، بارەگایەکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە بنکەی سەربازیی خالید بن وەلید لە دەوحە کردەوە.

شارەزایانی ڕووسی و سعودی، فراوانکردنی نفووزی تورکیا لە قەتەر و کاریگەرییەکەی بەسەر هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی کەنداو ڕوون دەکەنەوە.

تورکیا تاکە لایەنە دەتوانێت پاڵپشتیی قەتەر بکات

گریگۆری لۆکیانۆڤ، زانای زانستی سیاسەت و پسپۆڕ لە ئەنجوومەنی ڕووسی بۆ کاروباری دەرەوە، پێی وایە دەکرێت زۆربوونی نفووزی تورکیا لە قەتەر، ڕەنگە ئاسانترین لێکدانەوە بۆی ئەوە بێت کە قەتەر بە دوای پارێزگارییەکدا دەگەڕێت لەبەرانبەر ئەو دراوسێیانەی دۆستی نین، وەک سعودیە و ئیمارات.

وتیشی، “بێگومان ئامانجی تورکیا زیادکردنی نفووزیەتی لە قەتەر، بەپێچەوانەی سعودیە و ئیمارات. بەڵام قەتەر وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە، لەبەرئەوە ئەم هاریکارییە زۆر بەسوودە بۆ هەردوو وڵاتەکە. بۆ قەتەریش، لەمڕۆدا هیچ هێزێکی جێمتمانە نییە دژی هەوڵەکانی سعودیە و ئیمارات، کە بتوانێت سیاسەتی دەرەوەی قەتەر بگۆڕێت. تورکیاش تاکە هێزە بتوانێت پاڵپشتیی قەتەر بکات. بەمپێیە، پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، بەردەوام زیاد دەکات و فراوان دەبێت”.

چاوبرسێتییە ئیمپراتۆرییەکان

عەمید خەلفان ئەلکەعبی شارەزای ستراتیجی و شیکەرەوەی سیاسی وتی “گومانی تێدا نییە وڵاتانی ناوچەکە دەیان ساڵە پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکاندا هەیە، بەڵام ئامانجی تورکیا لە کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی، گێڕانەوەی نفووزی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی دێرینە، ئەمەش زیادکردنی ئامادەبوونێکی تورکیایە کە دەوڵەتانی ناوچەکە حەزی پێناکەن، ئەڵبەتە لە بەرژەوەندییەکان و سەقامگیریی ناوچەکەش نادات. قەتەر بەم ڕەفتارەی بەتەنها دەخوێنێت و دەنگێکی نەشازی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ناوچەکە بەشداری ناکات، بەڵکو یارمەتیی دروستکردنی کێشە و چڕکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەدات”.

چۆن کاریگەریی دەکاتە سەر ململانێ لە کەنداو؟

گریگۆری لۆکیانۆڤ، هیچ ئەگەرێکی چارەسەرکردنی ململانێکانی کەنداو نابینێت، پێشی وایە هەموو ڕاگەیەندراو و پلانەکان تەنها قسەن و هیچی تر.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “هیچ هەوڵێکی جددی و ڕاستەقینە نەبووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بەوپێیەی سعودیە و ئیمارات هیچ سازشێکیان نەکردووە”.

خەلفان ئەلکەعبیش لای خۆیەوە وتی، “دەوڵەتانی یەکتربڕ مەرج و بەندی ڕوون و ئاشکرایان هەیە، لۆجیکیشن، تورکیا چاوبرسێتیی خۆی هەیە لە ناوچەکەدا، پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا باش نییە، دەستێوەردانیشی لە سووریا و عێراق و لیبیا ڕوون و ئاشکرایە، ئێستاش لەڕێی قەتەرەوە دەستێکی دیکەی درێژکردووە، ئەڵبەتە ئامادەبوونی لە ناوچەکەدا خوازراو نییە، هەرگیز ناشکرێت وڵاتانی ناوچەکە ئەم دەستدرێژییانەی تورکیا پەسەند بکەن”.

بابەتی پێشتر

بە ڤیدیۆ...گێلترین دزی جیهان بەهۆی پانتۆڵەکەیەوە دەستگیردەکرێت

بابەتی دواتر

ورگزلی نیشانەى ئەم نەخۆشیانەیە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە ئایندەی چاودێریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران نیگەرانە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریدا لە شکستهێنانی پرۆسەی چاودێریکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی…
Total
0
Share