چەند بڕیارێك لە ژووری ئۆپراسیۆنی هەولێرەوە

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی پەیوەست بە كۆرۆنا دەركرد، سوپاسی دانیشتووانی پارێزگاكەشی كرد كە پابەندی ڕێنماییەكان بوون و ژمارەی توشبوون بەكۆرۆنا كەمبووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە، “ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەمە 2020.11.17، به‌سه‌رپه‌رشتیی ماڤپەروەر، هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و بە ئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و تەواوی ئەندامانی ژووری ئۆپراسیۆن، ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە دیوانی پارێزگا کۆبووە”.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك دەركراوە كە پێكهاتوون لە، “ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سوپاس و ستایشی دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات کە لەماوەی دووهەفتەی ڕابردوو بەهۆی پابەندبوونیان بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، تاڕادەیەک توانراوە لە سنووری پارێزگاکەمان بەشێوەیەک ڕێژەیی توشبوون بە کۆرۆنا کەمبێتەوە، ئەمەش ماییە خۆشحاڵییە، بۆیە تکا لە هاوڵاتییانی شارەکەمان دەکەین پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن”.

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە، “سوپاس و ستایشی یەکەکارگێڕییەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانییەکان، هێزەکانی (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتوچۆ) دەکەین، کە جوامێرانە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی شارەکەمان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و سەلامەتیی گیانی هاوڵاتییانی شارەکەمان لە ئەرکدابوون”.

هەروەها ئەوەشخراوەتەڕوو، “داوا لەسەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، بەو پەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی لەم بارودۆخەدا، لەپێناو سەلامەتیی خۆیان و ئازیزانییان پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرکەسێک ڕەچاووی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕوبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە”.

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر داوا لە مامۆستایانی ئاینی و پێشنوێژی مزگەوتەکان دەکات، لە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی هاوکاریان بن و پابەندی چەند خاڵێك بن لەوانە، “بەهیچ شێوەیەک نوێژخوێن نابێت منداڵ لەگەڵ خۆی ببات بۆ ناو مزگەوت، ڕێگە نەدەن نوێژخوێن بەهیچ شێوەیەک بەبێ بەستنی (دەمامک) و بەرماڵی تایبەتی خۆی بۆ نوێژکردن بڕواتە ناو مزگەوت و هەر مزگەوتێک پابەند نەبێت، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە دادەخرێت”

لە خاڵێكی دیكەی بڕیارەكانی ژوورەكەدا هاتووە، “نۆڕینگە، سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییەکان، نەخۆشخانە ئەهلییەکان و هەموو ئەو هاوڵاتییانەشی بەمەستی چارەسەر سەردانیان دەکەن، دەبێت پابەندی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنابن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لەبەرمبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکە بە پێبژاردن و داخستن سزادەدرێت”.

ئاماژە بەوەشكراوە، “هەموو ئەو شوێنانەی کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان، بازار، چێشتخانه‌)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشێری مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ‌هه‌رشوێنێك ئەم ڕێنماییانە بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)جێبه‌جێنه‌كات، لیژنەی قائیمقامیەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێریی بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، ده‌ستبه‌جێ شوێنەکە دادەخەن”.

هەروەها ئەوەشی خراوەتەڕوو، “پێشانگاکانی ئۆتۆمۆبێل، بازاڕە میلیەکان، گۆڕەپانەکانی باڵندە، هاوینە هەوارەکان، شوێنە گەشتیاری و گەشتیارەکانیان، دەبێت ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و پابەندبن بە بەستنی(دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر”.

بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە شوێنە گشتییەکانی (کۆمەڵگا، قەزا، ناحییەکان)ی سنووری پارێزگای هەولێر، مەفرەزەی گەڕۆک لە هێزە ئەمنییەکان پێکهێنراوە، هەر کەس و لایەنێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگێرێتەبەر، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، “هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، تایبەت، پاس، مینی پاس) پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بە پێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی”.

بەگوێرەی بڕیارەكەی ژووری ئۆپراسیۆنی هەولێر، ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێننەوە “هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه، هه‌موو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک”، ئەم شوێنانەش لە کاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن، “یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (بار)، لایف موزیك، ئاهه‌نگی شه‌وانەی یانەکان”.

بڕیاریشدراوە، “پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت)، مەراسیمی سەرقەبران) قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، بەپێی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر”.

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر سەرجەم بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێریش ئاگادار دەکاتەوە، ڕێگە بەهیچ گروپێکی گەشتییاری و کەسێک نادرێت بەبێ بەستانی (دەمامک) داخلی سنووری پارێزگای هەولێر بێت، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەگیرێتەبەر.

سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كان ده‌بێت (ده‌مامك) ببه‌ستن، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له‌ كاتی ده‌وام (ده‌مامك)ی نه‌به‌ستبێت رێكاری كارگێری به‌رامبه‌ری ده‌گیرێته‌ به‌ر، هیچ هاوڵاتییه‌ك و موراجعێك بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانییان به‌بێ به‌ستنی (ده‌مامك) بۆیان نییه‌ بچنە‌ ناو هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك، بە پێچەوانەوە بەرپرسی فەرمانگەکە ڕوبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە، وەك ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندووە.

بابەتی پێشتر

فشاری حكومەتی عێراق بۆ داخستنی كامپەكانی خانەقین و گەرمیان بەردەوامە

بابەتی دواتر

زیاتر لە 100 پەرلەمانتار داوادەكەن موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەئەلیكترۆنی لەلایەن بەغدادەوە دابەشبكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share