بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، پەیامێكی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاوكردەوە و داوای کۆتاییهێنان بە کێشەکان دەكات و دەڵێت، “چیتر ناکرێت خەڵک گیرۆدەی چاوچنۆکیی حوکمڕانیی خراپ بن، با ئەم نەورۆزە بکەینە ڕۆژی بەگژداچوونەوەی بەکردەوەی گەندەڵی”.
لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردییەوە بڵاویكردەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، “نەورۆز، لە مێژوی دوور و نزیکماندا، ڕۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی چاکەخوازی و ئازادی و دادپەروەییە بەسەر زۆرداراندا. لەم نەورۆزەدا، خۆشی و ئاسوودەیی بۆ یەکبەیەکی ھاونیشتمانییان دەخوازم، بە بەدیهێنانی ماف و داخوازییە ڕەواکانیان لە ژیانێکی شایستەی دوور لە دڵەڕاوکێی مووچە و سەختی و دەردەسەرییەکانی ئەم ڕۆژگارانە و با پێکەوە هەموو دڵسۆزان هاوکاربین بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان و چیتر ناکرێ خەڵک گیرۆدەی چاوچنۆکیی حوکمڕانیی خراپ و بێباکی لە ئێستا و ئاییندەی گەلەکەیان بن”.
سەرۆک کۆمار داوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەكات و دەڵێت، “هیوادارین حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار پێکبێت لەچوارچێوەی بەرجەستەکردنی ئیستحقاقە دەستورییەکان، حکومەتێک؛ کە ئەندازەی بەدیھێنانی چاوەڕوانیی هاوڵاتییان بێت، دوور لە تاکڕەوی و قۆرخکاری”.
بەرهەم ساڵح لە كۆتایی پەیامەكەیدا داواكارییەك بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی دەخاتەڕوو و جەختدەكاتەوە، “دەبا ئەم نەورۆزە، بکەینە ڕۆژی بەگژداچوونەوەی بەکردەوەی گەندەڵی و تەرخانکردنی داهاتی گشتی بۆ خزمەتی خەڵک و بەدیھێنانی دادپەروەری”.
دەقی پەیامەکەی د. بەرهەم ساڵح
جەژنە، جەژنی کوردستانە، جەژنی نەورۆزە
بەتیشکی ئاگر دەنوسم، جەژنە پیرۆزە
بەبۆنەی ھاتنی نەورۆز و ساڵێکی نوێی کوردی، گەرمترین سڵاوی وەفا و جوانترین چەپکە نێرگزی پیرۆزبایی بۆ گەلی کورد و سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەنێرم.
نەورۆز، لە مێژوی دوور و نزیکماندا، رۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی چاکەخوازی و ئازادی و دادپەروەییە بەسەر زۆرداراندا. لەم نەورۆزەدا، خۆشی و ئاسوودەیی بۆ یەکبەیەکی ھاونیشتمانیان دەخوازم، بە بەدیهێنانی ماف و داخوازییە رەواکانیان لە ژیانێکی شایستەی دوور لە دڵەڕاوکێی مووچە و سەختی و دەردەسەرییەکانی ئەم ڕۆژگارانە و با پیکەوە هەموو دڵسۆزان هاوکاربین بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و چیتر ناکرێ خەڵک گیرۆدەی چاوچنۆکی حوکمڕانی خراپ و بێباکی لە ئیستا و ئایندەی گەلەکەیانبن.
ھەروەک هیوادارین، حکومەتێکی نیشتمانی خزمەتگوزار پێکبێت لەچوارچێوەی بەرجەستەکردنی ئیستحقاقە دەستورییەکان، حکومەتێک؛ کە ئەندازەی بەدیھێنانی چاوەڕوانی هاووڵاتیان بێت، دوور لە تاکڕەوی و قۆرخکاری.
لەگەڵ نەورۆزدا، بەوەفاداریەوە یادی شەھیدان، یادی ئەو نەمرانە دەکەینەوە، کە بەخۆین و گیان و ژیانیان، دنیای ئازادی ئێمەیان نەخشاند. درود بۆ ئەو تێکۆشەرانە دەنێرین، کە سەرمایەی خەباتی خۆیان بە پاکژی ھێشتەوە. سڵاو بۆ ئەو لاوە خوێنگەرمانە دەنێرین، کە خەونی ژیانێکی باشتر، دنیایەکی شایستەتر و ئایندەیەکی مسۆگەرتر دەبینن، وەک خوێن لەجەستەیاندا قوڵپەدات و زوڵمی رۆژگار، بێھیوای نەکردوون و بەردەوامن بەرەو ئاسۆیەکی گەش.
دەبا ئەم نەورۆزە، بکەینە رۆژی بەگژداچوونەوەی بەکردەوەی گەندەڵی و تەرخانکردنی داهاتی گشتی بۆ خزمەتی خەڵک و بەدیھێنانی دادپەروەری. بیکەین بەدەسپێکی حوکمڕانیەکی باش بە یەکڕیزی بۆ خزمەتی خەڵک و پاراستنی نیشتمان.
نەورۆزتان پیرۆز، جەژن و خۆشی، پێکەوەژیان و لێبوردەیی، خۆشگوزەرانی و ئارامی، باڵ بکێشێت بەسەر کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیھاندا.
بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق