بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتیدەكاتەوە كە ڕێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەگرن و جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی دەکەنەوە و دەڵێت، “پێویستە شەفافییەت لە داهاتدا هەبێت و جیاوازی لە خەرجیی گشتیدا نەکرێت، خێروبێری ئەم هەرێمە بەبێ جیاوازی بخرێتە خزمەت هاوڵاتییانەوە و ئەمەش ئامانجی کارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازى له شاندێكی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە پێکھاتبوو لە ڤيلله ڤاريۆلا، باڵيۆزى يهكێتيى ئهوروپا لە عێراق و ئان مێسكانهن، سهرۆكى نێردهى ڕاوێژكاريى يهكێتيى ئهوروپا له عێراق.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق تاوتوێکران و گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پرسی ئازادیی ڕادەربڕین لە ھەرێم کرا و هەڵوێستی یەکێتی لەبارەیانەوە خرایەڕوو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ گەیشتن بە دیالۆگێکی نیشتمانیی بونیادرانە ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، دۆخی عێراق پێویستی بە سازان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کاریگەر کە ئارامی و سەقامگیری بۆ خەڵکەکەی دەستەبەر بکات. وەک کوردیش هەوڵی زۆرمان داوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزیی کورد بپارێزین و وەک یەک تیمی بەهێز لە بەغداد کاربکەین، بەڵام لە دەرەوەی ئیرادەیەکی کوردستانیی ئەم نییەتە نیشتمانییە لەباربرا. بەڵام باوەڕمانوایە هێشتا درەنگ نییە و دەتوانین هەموومان بە ڕۆحێکی نیشتمانپەروەرانەوە لەپێناو بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، ناکۆکییە سیاسی و کەسییەکانمان وەلابنێین و پێکەوە بڕیاربدەین و یەک کاندید بۆ سەرۆک کۆمار پێشکەش بکەین.
ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیری، سەروەریی یاسا و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی کرد و وتی، ڕێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەگرین و جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی دەکەینەوە. پێویستە شەفافییەت لە داهاتدا هەبێت و جیاوازی لە خەرجیی گشتیدا نەکرێت. خێروبێری ئەم هەرێمە بەبێ جیاوازی بخرێتە خزمەت هاوڵاتییانەوە و ئەمەش ئامانجی کارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
یەکسانیی جێندەری و ئازادیی بیروڕا تەوەرێکی تری کۆبوونەکە بوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی دید و ڕوانینی یەکێتی لەوبارەیەوە ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ جیاوازیی ڕەگەزیدا نییە و باوەڕی تەواوی بە یەکسانی هەیە. بڕوامان بە تواناکانی ژنان هەیە و دەبێت لە ناوەندە حزبی و حکومییەکاندا دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێندرێت و سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ کپکردنی دەنگە ئازادەکاندا نییە و پشتیوانی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنووسان و کاری ڕۆژنامەگەرین. چونکە بڕوای تەواومان بە دیموکراسی هەیە و کار بۆ پاراستنی کۆڵەکەکانی دەکەین لە هەرێمی کوردستان.