هەرێم كەمال ئاغا: خوولەكانی داهاتوو سەرۆك كۆمار لە دەرەوەی ڕەزامەندیی لایەنە ‏كوردییەكان یەكلادەكرێتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێكنەكەوتن ‏لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار پێشهاتێكی مەترسیدارە و ڕەنگە لە خولەكانی داهاتوو لە ‏دەرەوەی ڕەزامەندیی لایەنە كوردیییەكان پۆستەكە یەكلابكرێتەوە.‏

كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، دووەم خولە تووشی لێكترازان و ململانێ ‏دەبێتەوە، ئەوەش نیگەرانیی دروستكردووە و پرسە سەرەكییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی ‏بیری لایەنە كوردستانییەكان بردووەتەوە.‏

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بە ‏تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە بری شەڕكردن لەسەر مافە دەستووریەكانمان و كێشە ‏هەڵپەسێردراوەكان، سەرجەمیان لە بابەتی پۆستی سەرۆك كۆمار كۆكراوەتەوە، لەكاتێكدا ‏بابەتی گرنگتر هەیە”.‏

ئاماژەی بەوەكرد، “ڕێكنەكەوتنی لایەنە كوردیییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ‏جۆرێك ئیحراجی بۆ هاوپەیمانەكانمان دروستكردووە و پێویستە لە بەغداد شەڕ لەسەر ‏بابەتی پێشمەرگە و ناوچە دابرێندراوەكان بكەین و بابەتی گرنگتر هەیە، بەڵام بەهۆی ‏پۆستی سەرۆك كۆمارەوە كێشە لە نێو ماڵی كورد دروستبووە، كە پێشهاتێكی ‏مەترسیدارە و لێكترازان دروستدەكات”. ‏

بۆیە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی مەترسیی ئەوەی هەیە، “بۆ خولەكانی داهاتوو ڕەنگە ‏لە دەرەوەی ڕەزامەندیی لایەنە كوردییەكان، پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكرێـتەوە و ‏كەسێك كاندید بكرێت و بكرێتە سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەو ناكۆكییانەی هەن سەرەتایەكی ‏خراپن، بەتایبەت كە ماوەیەكە لە عێراقدا بەردەوام باس لە زۆرینە و كەمینە دەكرێت”.‏

بابەتی پێشتر

کوری تووشی پێکانێکی قورس بوو

بابەتی دواتر

جەیمس وێب یەکەمین وێنەی ڕوونی بۆ زەوی ناردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share