بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان ڕایدەگەیەنێت، تەرمی یەكێك لەو دوو كەسەی سەرقاڵی هەڵدانەوەی گۆڕێكی مێژوویی بوون و ئاسایش ڕاوینابوون، دۆزرایەوە.
كەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەرمی یەكێك لەو دوو كەسە دۆزرایەوە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە گوندی ژاڵەناوی نزیك دەربەندیخان، كاتێك سەرقاڵی هەڵدانەوەی گۆڕێكی مێژوویی بوون، تیمێكی ئاسایش هەوڵی دەستگیركردنییانی دابوو، بەڵام دوو لە تۆمەتباران خۆیان هەڵدابووە ڕووباری سیروانەوە.
ئاماژەی بەوەكرد، “ئەمڕۆ لە گژوگیای نێو ڕووباری سیروان، تەرمی یەكێك لەو دوو كەسە دۆزرایەوە و تیمەكانی بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان و تیمی مەلەوانیی بەرگریی شارستانیی گەرمیان سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمەكەی دیكەن”.
پێشتر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دوو لە تۆمەتبارەكان دەستگیركرابوون و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون.