كازمی داوا لە لایەنەكان دەكات لەبارەی سەروەریی عێراق یەكدەنگبن

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق

دەربارەی هێرشەكەی هەولێر كازمی داوادەكات پشت بە بەڵگە ببەسترێت، نەك تەنها گومان و داواش لە هێزە سیاسییەكان دەكات لەبارەی سەروەریی عێراقەوە یەكدەنگبن.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی سەردانەكەی ئەمڕۆی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران بۆ هەولێر و سەردانكردنی بۆ شوێنە بۆردومانكراوەكەی دوێنێ و كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت، جەختكرایەوە لەسەر ڕەتكردنەوەی هێرشەكە كە بووەتەهۆی ترساندنی هاوڵاتییانی مەدەنی، لەڕێی پێشێلكردنی سنووری یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەكان، بڕیاریشیدا بە پێكهێنانی لیژنەیەك لە ڕاوێژكارێتی ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەك لە فەرماندە ئەمنییەكان، بۆ پێشكەشكردنی ڕاپۆرتێك دەربارەی هۆكارەكانی بۆردومانەكە و كۆكردنەوەی ڕاستی و بەڵگەكان.

كازمی دووپاتیشیكردووەتەوە، “دووپاتیدەكەینەوە بەغداد ئامادەیە لێرە لە هەولێر، وەك چۆن هەولێر لە بەغداد ئامادەیە” ئاماژەشی بە “پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق لەلایەن سەرجەم لایەنەكان كردووە، ئەم پرسەش بە فەرمی لەڕێی ڕێگا دیپلۆماسییەكانەوە گەیەندراوە”.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی وتووە، “پێویستە پشت بە بەڵگە ببەسترێت، نەك تەنها گومان، پێویستیشە هەماهەنگیی ئەمنی لەنێو وڵاتە جیاوازەكانی ناوچەكەدا هەبێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە هاوبەشەكان”.

داواشی لە هێزە سیاسییەكانی عێراق كرد یەكدەنگبن دەربارەی سەروەریی عێراق، ئەوەی ڕووشیدا هاندەربێت بۆ چارەسەری كێشەكان و یەكڕێزی بەرامبەر ئەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە.

بابەتی پێشتر

باڵیۆزی ئێران: ئیسرائیل لە هەولێر دەربكرایە هێرشەكە نەدەكرا

بابەتی دواتر

كێشەی ناوخۆیی، عێراق و غازی سروشتی <br> هێرشەكەی ئێران و بەستنەوەی بە ڕەهەندە ناوخۆیی و هەرێمییەكانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share