ئەمریكا هۆشداریی داوە
ڕوسیا داوای یارمەتیی سەربازی لە چین دەكات ‏

میدیای ئەمریكی وایبڵاوكردووەتەوە، ڕوسیا داوای لە چین كردووە یارمەتیی سەربازیی بدات بۆ شەڕی دژ بە ئۆكرانیا، قسەش لەسەر ئەگەری ڕازیبوونی پەكین هەیە بە داواكارییەكەی مۆسكۆ.

لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی ئەمریكی لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریكییەوە ئاشكرایكردووە، ڕوسیا لە سەرەتای هێرشی بۆسەر ئۆكرانیا داوای یارمەتیی سەربازیی لە چین كردووە، بێ ئەوەی ئەو بەرپرسانە سروشتی ئەو چەكانە ئاشكرابكەن كە ڕوسیا ویستێتی وەریبگرێت.

بەپێی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە، ئاماژە هەن كە ئەگەر هەیە چین ب داواكارییەكە ڕازیبێت و یارمەتیی ڕوسیا بدات.

داواكارییەكانی ڕوسیا لەسەر ئاستی سەربازی نەوەستاوە، بەڵكو ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، ڕوسیا داوای یارمەتیی ئابوریشی لە چین كردووە، بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی سزاكان.

لەوبارەیەوە جەیك سۆلیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن، ڕایگەیاند، لە پەیوەندییە ڕاستەوخۆكاندا لەگەڵ چین، هۆشداریی پێدراوە لەبارەی ئەوەی هەر هەوڵێك بۆ خۆلادان لە سزاكان، یان یارمەتیدانی ڕوسیا بۆ تێپەڕاندنی سزاكان، چ دەرئەنجامێكی دەبێت.

سۆلیڤان بە ڕوونی وتی، “ڕێگەنادەین بە بوونی هیچ دەمارێكی ژیان لە هیچ دەوڵەت و شوێنێكی جیهانەوە بۆ ڕوسیا، بۆ تێپەڕاندن و كەمكردنەوەی كاریگەریی سزاكان”، بۆیە ڕایگەیاند، چین دووچاری “دەرئەنجامی توند” دەبێتەوە ئەگەر هەوڵی لەوشێوەیە بدات و یارمەتیی ڕوسیا بدات لە هێرشەكەی بۆسەر ئۆكرانیا.

لای خۆیەوە لیو بینگیۆ، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن لەبارەی ئەو ڕاپۆرتانەوە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتووە، ئاگاداری داواكاریی لەو شێوەیە نییە، “چین چاوی لەسەر ئەوەیە جەنگ لە ئۆكرانیا لەكۆنترۆڵ دەرنەچێت، دۆخەكە زیاتر هەڵنەكشێت”.

بابەتی پێشتر

دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزیش بەردەوامدەبێت

بابەتی دواتر

بۆ ڕێگریكردن لە قۆرخكاری و گرانی وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێكی دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share