ئێران: هێرشەكەی هەولێر پەیوەندی بەئێمەوە نییە

ئاڵای ئێران و هەرێمی كوردستان

بەرپرسێكی ئێرانی ڕایدەگەیەنێت، هێرشە مووشەكییەكەی هەولێر پەیوەندی بە وڵاتەكەیەوە نییە.

مەحمود عەباس زادە، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوام تاوان لە ناوچەكە و بەتایبەتیش سوریا ئەنجامدەدات. تاوانەكەی ئەمدواییەش بەردەوامیدانە بەو ڕێچكە تاوانكارییە، بەڵام تۆڵەكردنەوەی كۆماری ئیسلامی لە ئیسرائیل جدی و زۆر دژوار دەبێت، هەروەك سووك نابێت و وایانلێدەكات پەشیمان ببنەوە.

وتیشی، “بەپێی ئەو پێدراوانەی تائێستا چاومان پێداخشاندووە، ناتوانین دڵنیابین لەهەر ڕۆڵێكی ئێران لە هێرشە مووشەكییەكانی ئەمدواییەدا”.

پێشتر ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویكردەوە، ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكی پێیانوایە ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو كرایەسەر هەولێر، وەڵامدانەوەی ئەو بۆردومانە ئاسمانییە بێت كە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل لە سوریا ئەنجامیدا و بووەهۆی كوژرانی دوو سەربازی سوپای پاسداران.

ڕۆژنامەكە لە زاری ئەو بەرپرسانەوە بڵاویشیكردەوە، “ئێران سەرچاوەی هێرشەكەیە”.

شەوی ڕابردوو هێرشێكی مووشەكی بۆسەر چەند ناوچەیەك لە هەولێر ئەنجامدرا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیلنشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان 24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن.

ئاشكراشیكرد، “زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا هاوڵاتییەک بە سووکی برینداربووە”.

بابەتی پێشتر

په‌رله‌مانی كوردستان داوای هەڵوێست لە عێراق و جیهان دەكات

بابەتی دواتر

سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی هەولێری لەئەستۆگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share