وەزارەتی ناوخۆ: دوو هێندەكردنی سزای پێبژاردن بۆ كۆكردنەوەی داهات نییە

وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت، ئامانج لە دوو هێندەكردنی سزای پێبژاردن بۆ كۆكردنەوەی داهات نییە.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، “ئامانج لە دوو هێندەبوونی پێبژاردن کە لە کۆتایی مانگی شوباتی 2024 جێبەجێ دەکرێت، کۆکردنەوەى داهات نییە، بەڵکو پاراستنی باخەڵی هاوڵاتییانە لە رێگەى کەمکردنەوەى سەرپێچی و سزاوە”.

سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی ناوخۆ بڕیارى لێخۆشبوونی 20%ی سزاکانی هاتوچۆى شۆفێرانی تا كۆتایی شوباتی ساڵی داهاتوو و دوو هێندەبوونی سزاى دارایی لە کۆتایی هەمان مانگەوە دەركرد.

لەوبارەیەوە هێمن میرانی وتی، هاوڵاتی ناچارنییە سزاکانی خۆی پاکتاو بکات، وەکوو جاران دەتوانێت پێنج ساڵ جارێک بچێت پێبژاردنەکانی پاک بکاتەوە، بەڵام لە رابردوودا کاریگەریی خراپی لەسەر باری دارایی هاوڵاتی و سزاکانی هاتوچۆ هەبووە، چونکە لەو پێنج ساڵەدا هاوڵاتی هەستی نەکردووە ئەو سزایەى دراوە دەبێتە سنووردانان بۆ سەرپێچیی زیاتر و خۆپارێزی.

سەبارەت بە بڕگەی دووەمی بڕیارەكەش لەبارەی دوو هێندەبوونی سزا داراییەکانی شۆفێران، ئەوەی خستەڕوو، لە 29ی شوباتی 2024ەوە کە شۆفێر سەرپێچیی نوێی کرد، ئەو سزایە پێویستە لە ماوەى مانگێکدا بدرێت، دەنا دەبێتە دوو هێندە، ئامانج لەوەدا ئەوەیە، سزاکە لە هەمان مانگدا بدات و سەرپێچی دووبارە نەکاتەوە و بەوەش لە سزا دووربکەوێتەوە.

بەڕێوەبەرە گشتییەكەی وەزارەتی ناوخۆ روونیشیكردەوە، بۆ ئەوەى شۆفێران بە وردی و وریاییەوە ئاگادارى سزاکانیان بن، سایتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ، داتاکانی هەر شۆفێریکی لە رووی سزاوە خستووەتەڕوو کە دەتوانن بزانن چەندە سزایان لەسەرە، بەڵام بەشێکی زۆرى هاوڵاتییان ساڵی جارێک یان دوو جار، یان چەند مانگ جارێک سزاکانیان دەپشکنن، بۆیە پێمان باش بوو ئەپلیکەیشنێک تایبەت بە شۆفێران دابنرێت، بۆ ئەوەى کە سەرپێچی کرا، هاوڵاتی ئاگادارییەکی بۆ بێت، ئەو ئاگادارکردنەوەیە وا دەکات ئاگای لە سزاکانی بێت و خۆى لە سەرپێچیی نوێ بپارێزێت.

بابەتی پێشتر

عەلی حەمەساڵح: حكومەت پەسەندی بكات شەش مووچە لە ئەمساڵدا دەدرێت

بابەتی دواتر

گرفتی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share